ژمارەیان 9000 کەسە
وەزارەتی دارایی: ئێمە بەرپرسنین لە خەرج نەکردنی پارە بۆ خانەنشینانی یەکەی 70
964+
توانا نەقی
کێشەی نەناردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ خانەنشتینانی هێزەکانی یەکەی 70 چەند بارە بووەتەوە و وەزارەتی داراییش دەڵێت ئەوان بەرپرسنین لەو کێشەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردەوە، کێشەی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 کە ژمارەیان زیاتر لە نۆ هەزار کەسە و ماوەی شەش مانگە لەوەزارەتی دارایی عێراقەوە بەهۆی نەبوونی دۆسیە لەوەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج نەکراوە.
دەشڵێت، چەند بەرپرسێکی ئەو هێزانە لە لێدوانەکانیاندا وەزارەتی داراییان بەهۆکاری دواکەوتنی مووچەی ئەو خانەنشینانە تۆمەتبار کردووە، بۆ خستنەڕووی راستیەکان و چەواشەنەکردنی رای گشتی لە شەش خاڵدا راستی ئەو بابەتە بخەنەڕوو.
وەزارەتی دارایی بەم شەش خاڵە کێشەی نەناردنی پارەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70ـی خستووەتەڕوو:
1- خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 هیچ دۆسیەیەکیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری نییە.
2- بەرپرسانی ئێستا و پێشووی هێزەکانی یەکەی حەفتا بەرپرسن لە کێشەی مووچەی ئەو خانەنشینانە و لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا نەیانتوانیووە دۆسیەکانیان بگوازنەوە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری.
3- بەپێی یاسا پێویستە سەرەتا دۆسیەی ئەو خانەنشینانە بچێتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە، دوای وردبینی و بەدواداچوون ئەگەر دۆسیەکانیان هیچ کێشەی نەبوو ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری دەکرێت لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی، دوای تەرخانی دارایی دۆسیەکانیان دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی.
4- سەرەڕای فشارەکان و دووبارە بوونەوەی کێشەی مووچەی ئەو خانەنشینانە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا تەنها 200 دۆسیە ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە لەوەزارەتی پێشمەرگە کراوە، دوای وردبینی دەرکەوتووە کەموکوڕیەکی زۆر لە دۆسیەکانیاندا هەیە و دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی هێزەکانی یەکەی 70.5- لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو تا مانگی پێشووش لەسەر بڕیار و بەرپرسیاریەتی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری مووچەی مانگی تەمووزیان بۆ خەرج کرا، ئەوەش لە کاتێکدایە ئەو خانەنشینانە هیچ تەرخانکراوێکی داراییان لەوەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ نییە.
6- بەپێی نووسراوی ژمارە ( 15717 ) کە لە ڕێکەوتی 15.8.2015 لەوەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە تیایدا داواکراوە ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی یەکەی 70 بە چ فەرمانێکی هەرێمی یاخود لەسەر بنەمای چ نووسراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران خانەنشین کراون بۆمان ڕەوانە بکەن، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نۆ ساڵ هێشتا وەڵامی ئەو نووسراوەیان نەداوەتەوە.