یهكێك له دیمهنه وێرانبووهكانى شنگال - فۆتۆ : MURTAJA LATEEF
راوێژكارێكی سودانی وادەڵێت
99 ملیار دینار بۆ قەرەبووی هاوڵاتیانی شنگال و نەینەوا خەرج كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئێزدییەكان ئاشكرای كرد، بەشێكی دیكەی قەرەبووی هاوڵاتیانی شنگال و پارێزگای نەینەوا خەرج كرا، كە بڕەكەی 99 ملیار دینارە.
خەلەف شنگالی ئەمڕۆ دووشەممە 7.10.2024 بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، وەك جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی بڕی 99 ملیار دیناری وەك قەرەبوو بۆ هاوڵاتیانی شنگال و پارێزگای نەینەوا خەرج كرد.
وتیشی، حكومەتی عێراق لە دۆسیەی قەرەبووكردنەوەكاندا، پێشینەی كارەكانی گرنگیدانە بە قەزای شنگال.
هەروەها خەڵەف شنگالی دەڵێت، ئەو بەشەی قەرەبووەكان لەسەر بنەمای نووسراوێكی نووسینگەی سەرۆك وەزیران بڕیاری لەسەردراوە، كە بە شێوەیەكی بەپەلە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بۆ ئەوەی قەرەبووەكە خەرج بكرێت و مافی هاوڵاتیانی شنگال بدرێت، چونكە زەرەر و زیانی زۆریان بەركەوتووە.
” ئەمە یەكەمجار نییە كە بڕیار لە بەرژەوەندی خەڵكی شنگال دەدرێت، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارگەلی زۆری لە بارەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان داوە”، راوێژكارەكەی سودانی بۆ كاروباری ئێزدییەكان وای وت.
" گومان دهكرێت هێشتا كچان و ژنانى ئێزدی له فهڵهستین و وڵاتانى دیكه بن "
هاوڵاتیانی شنگال و دەوروبەری دوای هێرشەكانی داعش لە 2014 ژمارەیەكی زۆریان لێ كوژراو و ژمارەیەكی دیكەشیان وەك دیل كەوتنە دەستی ئەو هێزە، هەروەها بە هەزارانیان ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بوون، بە تایبەتی شاری دهۆك، كە چەند كەمپێكیان بۆ كرایەوە، بەڵام لەو سێ چوار ساڵەی دواییدا ژمارەیەكی زۆریان گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هەرچەندە بەشێكی زۆری ماڵەكانیان بەهۆی شەڕەوە وێران بووە، حكومەتی عێراقیش لە چوارچێوەی رێككەوتنی شنگال، كە لە 2020 لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆیان كردووە، قەرەبوویان دەكاتەوە.
رۆژی 9.10.2022 بە چاودێریی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رێککەوتننامەی شنگال لە بەغدا واژۆ کرا، کە لە چەند خاڵێکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە پێکهاتووە.