لە یەک مانگدا زیاتر لە 27 هەزار نەخۆش چوونەتە نەخۆشخانەی شار
لە سلێمانی
لە یەک مانگدا زیاتر لە 27 هەزار نەخۆش چوونەتە نەخۆشخانەی شار
964+
شۆڕش قادری
تەنیا لە مانگی رابردوودا زیاتر لە 27 هەزار نەخۆش چوونەتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، “لە مانگی ئەیلولی رابردوودا 27 هەزار و 299 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شاریان كردووە، کە لەو ژمارەیە 20 هەزار و 289ـیان چوونەتە بەشی فریاكەوتن، پێنج هەزار و 945 کەس چوونەتە بەشی ئۆ پی دی و هەزار و 37 نەخۆشیش سەردانی بەشی گورچیلەی دەستكردی نەخۆشخانەكەیان كردووە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، مانگی رابردوو شەش هەزار و 786 نەخۆش داخڵی نەخۆشخانەی شار کراون، هەزار و 550 نەشتەرگەری جۆراوجۆر و 170 نەشتەرگەری قەستەرە و 103 نەشتەرگەری شەبەكە و باڵۆن و 95 نەشتەگەریش بۆ منداڵان ئەنجام دراوە.
هەر بەپێی ئامارەکە، مانگی رابردوو لە نەخۆشخانەی شار، 101 هەزار و 582 شیکاری تاقیگەیی و هەزار و 830 هێڵكاری دڵ كراوە، هەروەها نۆ هەزار و 548 تیشک و سێ هەزار و 663 سۆنەر و 428 ئیكۆ و 543 چارەسەری سروشتی كراوە.