لە هەڵەبجە

چوارەمین دیدارى کلتور و ئەدەبى هەورامان بەڕێوەچوو

  964+

ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە

چوار ساڵى لەسەریەکە دیدارى ئەدەب و کلتورى هەورامان بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەمساڵیش دیدارەکە بەناوى شاعیرێکى رۆژهەڵاتى کوردستانەوە ناونرا.

ئەمڕۆ 5.10.2024 لە ھەڵەبجە، چوارەم دیداری ئەدەب و کلتوری ھەورامان، لەلایەن دامەزراوەی کەریمی عەلەکەوە لەژێر ناوى شاعیری رۆژھەڵاتی کوردستان (جیھانئارا خانمی پاوە)، بەڕێوەچوو کە لەلایەن توێژەرانی باشوور و رۆژھەڵاتی کوردستانەوە 10 توێژینەوەی زانستی خرانەڕوو.

شاخەوان سدیق، سەرپەرشتیاری دیدارەکە بە 964ـى وت،” ئەو توێژینەوانەی پێشکەشکراون، ھەمەڕەنگن و لەسەر زمان، کۆمەڵناسی، جوگرافیا، ئەدەبیات و پرسی ژنن لە ھەوراماندا، کۆی توێژینەوەکان، لە دووتوێی کتێبێکدا، چاپکراون، و بەسەر ئامادەبوواندا دابەش دەکرێن”.

بە وتەی شاخەوان سدیق، ھەموو توێژینەوەکان نوێن و مەرجی وەرگرتنیشیان ئەوە بووە کە نوێ بن و لە ھیچ شوێنێکی دیکە بڵاو نەبووبێتنەوە، چوار لە توێژینەوەکان لەلایەن توێژەرانی رۆھەڵاتەوە، و شەشیشیان لەلایەن توێژەرانی باشوورەوە ئامادەکراون.

دیداری (کلتور و ئەدەبی ھەورامان)، دیدارێکی ساڵانەیە و  ھەر ساڵێک بە ناوی کەسایەتی، یان نووسەرێکی ھەورامانەوە سازدەکرێت، سێ خوولی رابردوو بە ناوی سێ کەسایەتی پیاوەوە بووە، بەڵام خولی ئەمساڵ، بەناوی ژنە شاعیرێکی رۆھەڵاتەوەیە کە ئەویش (جیھانئارا خانمی پاوە)یە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

سبەینێ دیدارى هونەرى قەڵادزێ بەڕێوە دەچێت

سبەینێ دیدارى هونەرى قەڵادزێ بەڕێوە دەچێت