هەولێر و زەوڕا

ئەمڕۆ لووتكەی تۆپی پێی عێراق لە هەولێر دەبێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

یانەی هەولێر رووبەڕووی یانەی زەوڕا دەبێتەوە، تیپەكەی قەڵا و منارە دەیەوێت هاوبەشیی پلەی یەكەمی خولی ئەستێرەكانی لەگەڵ جیا بكاتەوە و بە تەنیا لە پلەی یەكەم بمێنێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە كاتژمێر 5:30 لە گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە تۆپی پێ، یانەی هەولێر میوانداریی یانەی زەوڕا دەكات و چاوی لە بردنەوەیە.

هێمن هەولێری لە نووسینگەی راگەیاندنی یانەی هەولێر بە 964ی راگەیاند، لە پێكهاتەی هەولێردا 5 تا 6 یاریزان بەهۆی پێكان و هۆكار جیاجیاوە یاریی ناكەن.

وتیشی: هەریەكە لە نیاز محەمەد، ئیڤان خالید، مەهدی هاشم، محەمەد موحسین و هەڵگورد قەیس یاریی ناكەن، بەڵام هەولێر ئامادەكاری تەواوی بۆ یارییەكە كردووە و ئامانجی سێ خاڵی یارییەكەیە.

هەولێر و زەوڕا هەریەكەی 6 خاڵیان هەیە و لە پلەی یەكەم و دووەمی خولەكەن.

هەولێر لە دوو یاریی رابردوو لە دیالە بە 2-1 و دهۆك 1-0 گۆڵی بردەوە، زەوڕاش بە 2-1 گۆڵ لە كەرخ و بە 1-0 گۆڵ لە دهۆكی بردەوە.

یاریی ئەمڕۆی هەولێر و زەوڕا بۆ هاندەران بەخۆڕاییە، دوای ئەوەی پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو بلیتەكانی یارییەكەی كردە دیاری بۆ هاندەران.

هەولێر و زەوڕا بە پێی ئامارەكان، لە دوای ساڵی 2000ەوە 31 یارییان لە سەرجەم خولەكان بەیەكەوە كردووە، 14 بردنەوە بۆ زەوڕا، 11 بردنەوە بۆ هەولێر و لە 6 یارییشدا یەكسان بوونە.

یانەی هەولێر بردنەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد

یانەی هەولێر بردنەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد