زۆرینەیان خەڵکى قەڵادزێن

دواى دوو مانگ 16 گەنجى هەرێم لە تونس ئازادکران

964+

وریا فەتاح

دواى دوو مانگ لە دەستبەسەرکردن، 16 گەنجى هەرێمى کوردستان کە زۆرینەیان خەڵکى ئیدارەى راپەڕین و کۆیەن، ئازادکران، پەرلەمانتارێکى عێراق کە لەو ماوەیەدا لەسەر هێڵ بووە بۆ ئازادکردنیان دەڵێت: قاچاخچى هەڵیخەڵەتاندوون.

د. موسەننا ئەمین، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە 964ـى وت،”ئەو گەنجانە بە شێوەى یاساى لە فرۆکەخانەى عێراقەوە چوون بۆ تونس، بەڵام ویستوویانە لەوێوە بچنە ئەورووپا، پۆلیسى ئەو وڵاتە هەستیکردووە گەشتیارنین، دەستگیرى کردوون”.

وەک باسى دەکات، قاچاخچى هەڵیخەڵەتاندون و لە ماوەى ئەو دوو مانگەدا لە پۆلیسى ئەو وڵاتە دەستبەسەرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە.

“دوای بەدوادچوونی زیاتر لە دوومانگ بۆ كێشەی ئەو 16 هاوڵاتییە كە لەووڵاتی تونس دەستبەسەركرابوون، ئەمڕۆ سەرجەمیان ئازادكران و لە دوو رۆژى داهاتوودا دەگەڕێندرێنەوە هەرێمى کوردستان”، موسەننا ئەمین واى وت.

ئاشکراشى کرد، زۆرینەیان خەڵکى قەڵادزێن و چەند هاوڵاتییەکى رانیە و کۆیە و گەنجێکى سەیدسادقیشى تێدایە و دوانیان تەمەنیان خوار 18 ساڵن.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەوە جارى یەکەم نییە و پێشتریش چەند گەنجێکى دیکە بە ژمارەى جیاواز لەو وڵاتە دەستبەسەرکراون، بەڵام ئەو 16 گەنجە دەستگیرکردنەکەیان زۆرى خایاند کە دوو مانگ بوو.

ئەو 64 کۆچبەرە کوردەی لە دەریای ئیجە گیریانخواردبوو رزگ...

ئەو 64 کۆچبەرە کوردەی لە دەریای ئیجە گیریانخواردبوو رزگار کران