شەڕەتەقە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیان روویداوە
لە هەولێر کەسێک کوژرا
964+
شۆڕش عەبدوڵا- هەولێر
ئێوارەى ئەمڕۆ، هێزێکى ئەمنى لە گوندى کۆلەکى گەورەى سەر بە پارێزگاى هەولێر، لە کاتى چونى هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستى رووخاندنى خانووى زێدەڕۆیى، شەڕ لە نێوان هیزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیان دروست بووە و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و یەکێکى دیکەش بریندارە.
شەڕەکە لە گوندى کۆلەکى گەورەى سەر بە ناحیەى کەسنەزان روویداوە، ئەوەش دواى ئەوەى هێزێکى ئەمنى بە مەبەستى رووخاندنى خانووى زێدەڕۆ چوون بۆ گوندەکە.
ئامۆزایەکى کوژراوەکە بە 964ـى وت،”ئێمە چەکمان پێ نەبووە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان تەقەیان کردووە و ئامۆزایەکمیان کوشتووە و یەکێکى دیکەشیان بریندار کردووە”.
بە وتەى ئەو هاوڵاتییە، چەند ساڵێکە رێگەیان پێنادرێت خانوو دروستبکەن، بەڵام بەم دواییانە دەستیان کردووە بە دروستکردنى خانوو و ئەوانیش رێگەیان لێگرتوون.
وەک باسى دەکات، کوژراوەکە تەمەنى 19 بۆ 20 ساڵە و خێزاندارە، بریندارەکەش دۆخى تەندروستى جێگیرە.
تائێستا هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەولێر، لەبارەى رووداوەکەوە هیچ قسەیەکیان نەکردووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح