"رۆزە گیان لولو"

دیار بناسن؛ دوکان و ژیانی خستووەتە خزمەتی سەگ و پشیلەکانەوە

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

رۆزە گیان لولو، لەگەڵ بەو قسە و دەنگە روونە خۆشەویستی خۆی بۆ ئاژەڵە بێ لانەکان دەردەبڕێ و خواردنیان بۆ دەبات، رێک دەزانی ئەمە دیار حەسەنە یان روونتر بڵێم، دیار پێتە کە چەند ساڵێکە تیمارکار و رۆزیدەری ئاژەڵە بێ لانەکانە.

دیار هەمووجار هەر خۆی نییە، کاک ئیبراهیمی شۆفێر و دادەیەکیشی لەگەڵە، رۆژ تا ئێوارە گوند و شار دەکەن و دەگەڕێن، سەگێکی گەڕ پێویستی بە حەپی گەڕی بێت پێی دەدەن و خواردن بۆ سەگ و پشیلەکانیش دادەنێن، تا لە برسێتی و راونانی ئاژەڵ و ئەو مرۆڤانەشی رقیان لێیانە نەجتیان بدەن.

دیار حەسەن لە ساڵی 1987 لە شاری سلێمانی لە دایک بووە، بە دۆستێکی سەرسەختی ئاژەڵانی بێلانە ناسراوە و لە ناوبازاڕ شارەکە دەرمان و خواردنی ئاژەڵانی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ژیانی خۆی و دوکانەکەشی کردووەتە قوربانی پاراستنی ئاژەڵە بێ لانەکانی شار و رۆژانە سەردانی باخی گشتی دەکات بۆ پێدانی خواردن بە سەگ و پشیلەکانی ناو ئەو پارکەش، ئەو پێی وایە ئاژەڵان دوورن لە هەر تاوانێک و توانای دەربڕینیان نییە.

لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان دیار لەگەڵ هاوکارەکانی دیمەنە ڤیدیۆییەکان بڵاودەکاتەوە بۆ گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی، بەردەوام بە دوای ئەو سەگانەدا دەگەرێت کە توشی نەخۆشی گەڕی بوون، بۆ ئەوەی چارەسەریان بکەن، ئەوەی داخە لەلای ئەو خۆنەپاراستنی شۆفێرانی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەکانە ئەو بە 964ی وت، “رۆژانە تەلەفۆنیان بۆ دەکرێت و دەوترێ فڵان بەچکە سەگ یان پشیلە تایەی سەیارە لێی داوە”.

ئەو لەگەڵ کرانەوەی شێڵتتەر و کۆکردنەوەی سەگەکانە، چونکە ناو بازاڕ و جەنجاڵی بە سروشتی ئەوان نازانێ و وتی، ناگونجێ لە پارکێکی گشتیدا 15 ئاژەڵی بێ لایەنەی تێدا بێت، هەندێک خەڵک هەن فۆبیایان لەگەڵ سەگ و پشیلە هەیە، منداڵ و ژنان سەگیان پێ کۆنتڕۆڵ ناکرێ، باشترە رێکخراوەکان و ئاژەڵ دۆستان پێکەوە کارێک بکەین بە زانستی و بێ زیان بۆ شێڵتەرەکانیان بگوازینەوە.

دیار بۆ دەربازکردنی ژیانی سەگە گەڕەکان لە مەرگ و ئازاری زۆر، حەپێکی گەڕی بەکاردەهێنێت کە کاریگەریی بەهێزی هەیە لە چاکبوونە وە سارێژبوونی برین و ئازاری سەگەگە، حەپەکە نرخێکی بەرزی هەیە و یەک دانەی بە 45 هەزار دینارە ئەو وتی، خەڵکی خێرخواز و کەسانی دەرەوەی وڵات، یان لەسەر دارایی خۆمان توانیومانە حەپەکان دابین بکەین و لە ئەمساڵدا زیاتر لە 400 سەگمان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەولێر چارەسەر کردووە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

زۆرترین خواست بۆ بەخێوکردنی پشیلە و سەگ لەلایەن کچانەو...

زۆرترین خواست بۆ بەخێوکردنی پشیلە و سەگ لەلایەن کچانەوەیە