جوتیاران 60٪ـی پارەکانیان وەرنەگرتووە
وەزارەتی بازرگانی هەرێم: نازانین کەی بەغدا 333 ملیارەکەی جوتیاران دەنێرێت
964+
ژووری هەواڵ
حکومەتی عێراق 60٪ـی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە کە بڕەکەی 333 ملیار دینارە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییەکان کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی هەرێم بڵاوکراونەتەوە، لە کۆى 577 ملیار و 500 ملیۆن دینار، تەنیا بڕى 244 ملیار و 500 ملیۆن دینارى شایستەى گەنمى جوتیاران گەیشتووەتە هەرێمى کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2.10.2024، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، “تاوەکو ئێستا بەفەرمی ئاگادار نەکراوین” لەبارەی وادەی ناردنی ئەو بڕە پارەیەی کە لەلاین بەغدا ماوە.
ئەمساڵ، لهلایهن حكومهتى عێراقهوه، بڕی 700 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، و بەپێی رێککەوتنی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و وەزارەتی بازرگانیی عێراق 228 هەزار تۆن بۆ پارێزگای هەولێر، 282 هەزار تۆن بۆ پارێزگای سلێمانی و 189 هەزار تۆنیش بۆ پارێزگای دهۆک دیاری کرابوو.
پارەی گەنمی جوتیارانى هەرێم بۆ ئەمساڵ 485 ملیار دینارە، 685 هەزار و 974 تۆن گەنمى جوتیارانیش لەلایەن سایلۆکانی هەرێمی کوردستانەوە وەرگیراوە.