بڕێکی زۆری دەرمان دەستیبەسەردا گیراوە

لە هەولێر دوو گروپ بەتۆمەتی قاچاخچێتی دەرمان دەستگیر کران

964+

ژووری هەواڵ

ئاسایشی هەولێر بەتۆمەتی بەقاچاخبردنی دەرمان و ساخکردنەوەی بەشێوەی نایاسایی، دەستگیر کردنی دوو گروپی راگەیاند و دەڵێت، دەستیانگرتووە بەسەر بڕێکی زۆر لە دەرمان و “لاوازی جنسی”.

ئەمڕۆ سێشەممە 1.10.2024، ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، دوو گروپی قاچاخچیەتی دەرمان کە بە شێوەی ئۆنلاین کاریان دەکرد دەستگیر کراون، کە خاوەنی سێ پەیجی ئۆنلاین بوون و لە تۆری کۆمەلایەتی فەیسبووک لە شارەکانى سلێمانى و کەرکوک و بەغدا، دەرمانی کێش دابەزاندن، کێش زیادکردن و لاوازى جنسى بە شێوەى ئۆنڵاین دەفرۆشت و رەوانەی هەولێر و دهۆکیان دەکرد.

دەستگیر کراوەکان دەرمانەکانیان بە شێوەى قاچاغ و بەبێ پشکنینى کوالێتى کۆنترۆڵى دەرمان هێناوەتە ناو هەرێمى کوردستان و “شێوازى گواستنەوە و هەڵگرتنیان ناتەندروست و نایاساییە و بەشێوەیەکی نەگونجاو لە ناو ماڵان و ژێرزەمینى باڵەخانەیەکدا حەشاردراون”، ئاسایشی هەولێر وا دەڵێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاسایشی هەولێر، گروپى یەکەم، کە لە چوار کەس پێکدێن و 524 پارچە دەرمان و کەرستەى جنسیان لەلا بووە و دەستیبەسەردا گیراوە.

گروپی دووەمیش چوار کەسن، 182 پارچە دەرمانی کێش دابەزاندن، کێش زیادکردن و کەرەستەی جنیان پێبووە لە 36 جۆری جیاواز.

"خەڵك دەرمانی ساختە بۆ دابەزاندنی كێش و هێزی سێكسی بەكاردەهێنن"