دواین ئاماری بومەلەرزەکەی ورمێ
+964
زینوێ – خانەقین
لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێ بومەلەرزە بووە و زیاتر لە 800 کەس لە پارێزگای ورمێ بریندار بووە، بەشێک لە دانیشتووانی خانەقین دەڵێن: چەند رۆژێکە گوێبیستی دەنگێکی گەورە دەبین کە شەپۆڵی لەگەڵ دایە.
شەوی رابردوو، زەمین هەژێنێک لە خانەقین و کرماشان و ورمێ و هەندێک پارێزگای دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا، لە میدیاکان وەها بڵاوبووە کە بومەلەرزە بووە، بەڵام بەشێک لە دانیشتووانی خانەقین کە قسەیان بۆ تۆڕی964 کردووە، دەڵێن ئەوەی روویداوە لە دەنگەکە چەند رۆژێکە هەیە و شەپۆڵیشی لەگەڵدا بوو.
عەلی عەدنان، یەکێکە لە دانیشتووانی قەزای خانەقین کە قسەی بۆ تۆڕی964 کردووە و دەڵێت: ماوەی چەند رۆژێکە دەنگێک گوێمانی کپ کردووە، هیچ ئاگادارییەک لەلایەن شارەکەوە بڵاونەکراوەتەوە لەسەر ئەو دەنگە.
زیاتر وتی “چەند ساڵێکە لەسەر ئەم وەزعە راهاتووین، ئەوان دەڵێن بومەلەرزە بووە، بەڵام ئەو دەنگەی شەوی رابردوو شەپۆڵی لەگەڵدا بوو، هیچ لە بومەلەرزە نەدەچوو”.
بە فەرمی دەزگای کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق، هیچی لەبارەی زەمین لەرزەکەی خانەقین و رۆژهەڵاتی کوردستان نەوتووە، باسی لەوە نەکردووە کە ئەگەر بومەلەرزە بووە، بەپێوەری رێختەر هێزەکەی چەند بووە.
بەپێی میدیاکانی ئێران بێت، ئەوەی روویداوە بومەلەرزە بووە و پلەکەشی 5.9 بووە بە پیوەری رێختەر.
گەورەترین زیانی بومەلەرزەکەش بەر پارێزگای ورمێ کەوتووە کە بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەست داوە و 816 کەسیش بریندار بووە و 64 کەسیش لە نەخۆشخانە خەوێنراون.
هەر بەهۆی بومەلەرزەکەوە، زیان بەر لە 20٪ بۆ 50٪ـی زۆرینەی خانووەکانی 70 گوندی سنووری پارێزگای ورمێ کەوتووە.