حکومەت و لیژنەی دارایی کۆبوونەوە

“حکومەتى هەرێم رازی بووە پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکاندا بکرێت”

964+

ژووری هەواڵ

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر، حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاندووە پێداچوونەوە دەکەن بە گرێبەستە نەوتییەکاندا، بە جۆرێک لەگەڵ دەستووردا بگونجێنرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26.9.2024، عەتوان عەتوانى، سەرۆکى لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمساڵ ساڵى چارەسەرکردنى ناکۆکییەکانى نێوان حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان دەبێت و حکومەتى هەرێمى کوردستان ئامادەیی بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکان پیشانداوە و رایگەیاندووە، ” پێداچوونەوە دەکەن بە گرێبەستە نەوتییەکاندا، بە جۆرێک بگونجێنرێن لەگەڵ دەستووردا”.

لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، کەمال محەمەد، وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت قسەی کرد و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیاند لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ کراوە لەبارەى کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

هاوکات، ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، تا ئێستا نزیکەی 50٪ـی موچەخۆران بەشداریان کردووە لە پرۆژەی هەژماری من.

لە کۆنفرانسەکەدا داواشی لە لیژنەى دارایی کرد، رۆڵیان هەبێت لە چارەسەرکردنى کێشەکان، بە تایبەت دواکەوتنى موچەى مانگى هەشت و نۆ و نەناردنى بودجەى وەبەرهێنان لەلایەن وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵەوە.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە بەشداری کۆبوونەوەکەی حکومەتی هەرێم بووە، لە لێدوانێکدا بۆ 964 ئەو زانیاریانەی پشتراستکردەوە.

"ئەپیکۆر" ئامادەیە نەوتی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكات