ئامارێكی فه‌رمى "چه‌مچه‌ماڵیش خاوه‌نى كه‌مترینیانه"
ئامێدی خاوه‌ن زۆرترین زیانى مرۆیی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانى توركیایه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌پێی ئامارێك، ئامێدى یه‌كه‌مین ناوچه‌ى هه‌رێمی كوردستانه كه زۆرترین زیانى مرۆیی بۆ ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانى توركیاى داوه و چه‌مچه‌ماڵیش كه‌مترین زیانى هه‌بووه.
ئاماره‌كه، هی رێكخراوى تیمی کوردستانی عێراقی CPT یه، كه كۆكراوه‌ى هه‌موو زیانه مرۆییه‌كانى ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه‌ن له ساڵى 1991 ـه‌وه تاوه‌كو ئێستا.
كامه‌ران عوسمان، رێکخەرى تیمه‌كه به 964ـى راگه‌یاند، ئامێدى له‌سه‌ر ئاستى قه‌زا له هه‌رێمی كوردستان زیانه مرۆییه‌كانى بریتین له 148 كه‌س كه ئه‌م ژماره‌یه‌ش هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته‌وه كه به‌هۆى ئۆپه‌راسیۆنه‌كانه‌وه گیانیان له‌ده‌ستدوه و بریندار و كه‌مئه‌ندام بوونه.
وتیشی “له‌سه‌ر ئاستى ناحیه‌ش، سه‌نته‌رى ناحیه‌ى سیده‌كان له قه‌زاى سیده‌كان دێت كه زیانه مرۆییه‌كانى بریتییه له 129 كه‌س”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كه‌مترین زیانى مرۆیی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه له سنوورى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵه كه بریتیه له دوو كه‌س.
به‌گشتى، لەدواى ساڵی 1991ـەوە تاوه‌كو ئێستا، له ته‌واوى ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیاوە 352 كه‌س له خەڵکی مەدەنی گیانیان له‌ده‌ستداوه و 359 کەسیش بریندار بوونه كه سه‌رجه‌میان ده‌كاته 711 كه‌س.