لە ورمێ

ئەو دوو قوتابیەی بنمیچی پۆل رووخا بەسەریاندا نەخۆشخانەیان جێهێشت

964+
ئەحمەد مستەفا

ئەو دوو قوتابییەی لە ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە یەکەم رۆژی خوێندن بنمیچی سەقفی پۆلەکەیان رووخا بەسەریاندا نەخۆشخانەیان جێهێشت و گەڕانەوە ناو کەسوکاریان، بەرپرسانی ناوچەکەش بەڵێنی لێکۆڵینەوەیان بە کەسوکاریان داوە.

دوێنێ یەکشەممە میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، دیمەنی بەرچاورترین رووداوی ساڵی نوێی خوێندنیان لە ناوچەی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان “پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا” بڵاوکردەوە، کە لە یەکەم رۆژی خوێندندا بەشی ژێرەوەی سەقفی قوتابخانەیەک دارووخابوو و لە ئەنجامیدا دوو قوتابی 16 ساڵ و 17 ساڵ بریندار بوون.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بەهۆی کۆنییەوە سەقفی قوتابخانەکە دارووخاوە، پەروەردەی پارێزگاکە لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، دوابەدوای رووداوەکە و برینداربوونی دوو قوتابی، لەگەڵ ئامادەبوونی کارمەندانی فریاکەوتن دوو قوتابییەکە گواستراونەتەوە نەخۆشخانە، یەکێک لە قوتابییەکان دوێنێ و ئەمڕۆ دووشەممە قوتابی دووەم گەڕاونەتەوە ناو کەسوکاریان.

نوێنەرانی وەزارەتی پەروەردە و پەروەرردەی پارێزگاکە، سەردانی قوتابخانەکەیان کردووە، بەڵێنی نۆژەن کردنەوەی قوتابخانە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەمتەرخەمی دارمانی بنمیچی سەقفی قوتابخانەکەیان بە کەسوکاری قوتابییەکان داوە، میدیایی ئێرانی دەڵێت، لەو سەردانەدا رێکخستنەکان بۆ باشترکردنی خێرا و ئاوەدانکردنەوەی شوێنە مەترسیدارەکان بۆ قوتابیان لە قوتابخانەکاندا فەرمانی پێویستییان لە بارەوە دەرکراوە.

ئەو دوو قوتابیەی بنمیچی پۆل رووخا بەسەریاندا نەخۆشخانەیان جێهێشت