لە دیوەخانی پیرانی کەرکوک باسی سیاسەت بکەی دەرتدەکەن 

میدیازان – کاروان ستار – کەرکوک

 دیوەخانەکەی کەرکوک، پیرانی هەر سێ پێکهاتەکەی کەرکوکی لەخۆی کۆ دەکاتەوەو بەدەم چایە خواردنەوە دامە دەکەن، تاکە مەرجی چوونە ژوورەوەش ئەوەیە باسی سیاسەت نەکەن.

 لە کەرکوک، خێرخوازێک دیوەخانێک بۆ پیرانی شارەکە دروست دەکات و، بەتێپەڕبوونی کات دەبێتە ژوانگەی پیرانی هەرسێ پێکهاتەکەی شارەکە، مەرجی چوونە ژوورەوەی دیوەخانەکەش ئەوەیە تەمەنت سەرووی ٦٠ ساڵی بێت و باسی سیاسەتیش نەکەی.

“چای بخۆرەوەو دامە بکە بەمەرجی ئەوەی باسی سیاسەت نەکەی”

 ئەنوەر كەریم، یەکێکە لەو بەساڵاچووانەی رۆژانە سەردانی دیوەخانەکە دەکات دەڵێ، لەوەتەی دوکانەکەم داخستووەو بێ ئیش ماومەتەوە، رۆژانە سەردانی ئەو دیوەخانە دەکەم.

ئەنوەری ٦٧ ساڵە، وتیشی “لە ٢٠١٦ـەوە سەردانی ئێرە دەکەم، بەڵام دوای خانەنشین بوونم زیاتر بە دوکانەکەم سەرقاڵ بووم، بەڵام ئێستا کە دوکانەکەشم نەماوە، زیاتر کاتەکانم لێرە لەگەڵ بەساڵاچووانی کورد، عەرەب و تورکمانی شارەکە بەسەر دەبەم، زۆریش چێژ لێرە دەبینم، چونکە باسی سیاسەت ناکرێت”.

 دیوەخانەکە ١٥ ساڵە بینا کراوەو دەکەوێتە گەڕەکی رەحیماوەی کەرکوک، بە قسەی سەرپەشتیاری دیوەخانەکە بێت، ئامانج لە دروستکردنی کۆکردنەوەی پیرانی شارەکەیە بۆ ئەوەی کاتیكی خۆش بەدەست یاری دامە بەسەر ببات.