زەبری ژێر کەمەر

ئیسرائیل چۆن فێڵی لە حیزبوڵا کرد و بۆمبی خستە ناو گیرفانی چەکدارەکانیەوە

+964

ژووری هەواڵ

کاتژمێر 3:30 پاشنیوەڕۆیە، لەپڕ دەنگێک لە ئامێرەکانەوە دێت و پاش سێ چرکە هەموویان پێکەوە دەتەقنەوە، هەندێک دەمودەست گیان لەدەست دەدەن و ژمارەیەکی تر بە قورسی بریندار دەبن، بەشێکی زۆریشیان بینایی لەدەست دەدەن، بەڵام زۆربەی زۆری بریندارەکان زەبرەکە بۆ خوار کەمەریان بووە، چونکە ئامێرەکان لەکاتی تەقینەوە لە گیرفانیاندا بووە، هەر لەبەر ئەمەیە هەندێک ناویان ناوە هێرشی ژێر پشتوێن و ئیسرائیلییەکانیش بۆ شۆخی پێی دەڵێن هێرشی خەساندن.

تەقاندنەوەی پەیجەرەکان سەیرترین و ئاڵۆزترین پرۆسەی هەواڵگرییە، دوو رۆژ بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕیوە هێشتا لێکدانەوەیەکی لۆژیکی بۆ نادۆزرێتەوە، پرسیارە هەرە گرنگەکە ئەوەیە چۆن ئیسرائیل دەستی گەیشتووە بە هێزێکی قایم و توندوتۆڵی وەک حیزبوڵاو توانیوێتی لەناو ئامێی بێتەلەکەندا تەقەمەنی بچێنێت و ئەو کاتەی دەیەوێت بیتەقێنێتەوە.

مانگی شوباتی رابردوو حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حیزبوڵا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بە ئەندامانی حیزبەکەی وت: نە خۆتان و نە ژن و منداڵتان مۆبایل بەکار مەهێنن، چونکە مەترسیدارەو دەدۆزرێنەوە، دوای ئەم پەیامە حیزبوڵا بیری لە شوێنگرەوەیەک کردووەتەوە، بۆیە بڕیار دەدەن ئامێری پەیجەر بەکاربهێنن کە ئامێرێکی بێ تەلی بچکۆلەوەوە پەیامی نوسین و دەنگی وەردەگرێت.

پێش چەند مانگێک حیزبوڵا داوای 5000 هەزار ئامێری پەیجەری کردووە لە کۆمپانیای (گۆڵد ئەپۆلۆ)ی تایوانی، بەشێوەیەکی گوماناوی ئەرکەکە کۆمپانیایەکی هەنگاری لە ئەستۆی گرتووە بە ناوی (BAC)، حیزبوڵا ئامێرەکانی لەو کۆمپانیایەوە پێگەیشتووە.

پاش ماوەیەک لەبەکارهێنان ئەندامانی حیزبوڵا لای سەرکردایەتیەکەیان سکاڵایان کردووە لە خراپی ئامێرەکان، لەبەر ئەوەی زۆر خێرا شەحنی دادەبەزێت و پاترییەکەی گەرم دەبێت، هەروەها ناتوانێت لەیەک کاتدا دوو نامە پێکەوە وەربگرێت.

حیزبوڵا رۆژی 17ی ئەیلول لەسەر ئەم سکاڵایانە پەیوەندی کردووە بە کۆمپانیا هەنگارییەکەوە، چەند کاتژمێرێک دوای پەیوەندییەکە هەموو ئامێرەکان تەقیونەتەوە، گومانی بەهێز ئەوەیە کە مۆساد زانیبێتی خەریکە پلانەکەی ئاشکرا دەبێت بۆیە ئامێرەکانی تەقاندووەتەوە.

میدیا عەرەبییەکان بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان دەڵێن: لە لێکۆڵینەوەی ناوخۆیی حیزبوڵادا دەرکەتووە ئەو ئامێرانە لە رێی کۆمپانیا هەنگارییەکەوە گەیشتووەتە دەست مۆساد، چەند رۆژێک لە لایەن بووەو جۆرە تەقەمەنییەکیان تێکردووە کە بە ئامێری سکانەرو سەگی پۆلیسیش نادۆزرێتەوە، ئەم تەقەمەنییە تەنیا بە کۆدێکی دیاریکراو کارا دەبێت کە لای مۆسادە.

پلانەکەی مۆساد ئەوە بووە ئەگەر شەڕی حیزبوڵاو ئیسرائیل دەستی پێکرد، لە یەک کاتدا هەموو ئامێرەکان بتەقێنێتەوە، بۆ ئەوەی پێنج هەزار چەکداری حیزبوڵا لەکار بخات، بەڵام گومانی ئاشکرابوون وایکردووە پلانەکە پێش بخەن.

هەندێ سەرچاوەی ناوخۆیی لوبنانیش گومانیان هەیە بەرپرسێکی گەورەی حیزبوڵا تێوەگلابێت، ئەوان دەڵێن کاتێک ئەندامێکی حیزبوڵا مۆبایلێک دەکڕێت دەبێت بیباتە لای ئاسایشی خۆپارێزی حیزبەکەو پشکنینی بۆ بکەن، چۆن ئەم هەموو ئامێرە بەبێ پشکنین کاری بۆ کراوە، بۆیە ئەوان دەڵێن بەرپرسەکەی حیزبوڵا چەند ملیۆن دۆلارێکی لەو کارە دەستکەوتووەو وایکردووە بەبێ پشکنین ئامێرەکان بخرێنە کار.

هەر دوای تەقینەوەکە کۆمپانیا هەنگارییەکە راستەوخۆ سایتەکەی لەسەر ئینتەرنێت داخراوەو کاتێک دەچن تەماشای بارەگەکەشی دەکەن دەبینن خانوویەکی دوو نهۆمییەو کەسی تێدا نییە، ئەم کۆمپانیایە تەنیا رووپۆشێک بووە بۆ گەورەترین زەبری مۆساد، ئەو زەبرەی کەمەری چەکدارانی حیزبوڵاو حیزبەکەشی شکاند.