لانیکەم هەفتەیەک بەردەوام دەبێت

رێگاى سماقوڵى داخرا و لەوێوە نەچنە هەولێر

964+

وریا فەتاح

رێگاى سماقوڵى داخرا و لانیکەم تا هەفتەیەکى دیکە بەڕووى شۆفێراندا ناکرێتەوە.

رێگاکە ئیدارەى راپەڕین بە هەولێرەوە دەبەستێتەوە

رێبین محەمەد، ئەندازیار و سەرپەرشتیارى پڕۆژەى قیرتاوکردنى رێگەى سماقوڵى بە 964ـى وت،”لەمڕۆوە رێگاى سماقوڵیمان بەڕووى هاتوچۆى ئۆتۆمبێلەکاندا داخستووە و لە سایدى چوون و هاتن، شۆفێران ناتوانن رێگاکە بەکاربهێنن”.

وەک باسى دەکات، لانیکەم تا رۆژى دووشەممە و سێشەممەى داهاتوو رێگاکە ناکرێتەوە.

دواى زیاتر لە دوو مانگ لە هەڵکەندنى رێگەکە، لە سەرەتاى ئەم مانگەوە قیرتاوکردنى رێگاى سماقوڵى دەستى پێکردەوە.

“پڕۆژەکە سێ قۆناغە، قۆناغى دوو لە بەنداوى سماقوڵیەوە بەرەو چوارقوڕنە دەستپێدەکات و ساڵى پار تەواو کرا، قۆناغى یەک زۆرینەى کارەکانى تەواو بووە و قۆناغى سێش کەوانەیەکە و ئامادەکراوە بۆ قیرکردن”، سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە واى وت.

روونیشى کردەوە، کۆى گشتى درێژیى هەرسێ قۆناغەکە، حەوت کیلۆمەتر و 300 مەترە، بودجەى گشتى هەرسێ قۆناغەکە یەک ملیار و 142 ملیۆن دینارە”.

رێگاى سماقوڵى یەکێکە لە رێگا گرنگ و قەرەباڵغەکانى ئیدارى راپەڕین بە هەولێرەوە دەبەستێتەوە.

لە 1ـى ئەم مانگەوە و دواى دەستپێکردنەوەى کارکردن، رێگاکە بەڕووى بارهەڵگرەکاندا داخرا.

رێگەى جێگرەوە چییە؟

هەر کەسێک لەو ماوەیەدا بیەوێ بچێتە هەولێر یان بە پێچەوانەوە، ئەوا یان دەبێت رێگاى کۆیە بەکاربهێنێت یان لە رێگاى سکتانەوە هاتوچۆ بکات.

رێگاى سماقوڵى بەڕووى بارهەڵگرەکاندا داخرا

رێگاى سماقوڵى بەڕووى بارهەڵگرەکاندا داخرا