چەند رۆژێکى دیکە هاتوچۆى ئۆتۆمبێلى تایبەتیش دەوەستێت
رێگاى سماقوڵى بەڕووى بارهەڵگرەکاندا داخرا
964+
وریا فەتاح
رێگاى سماقوڵى بەڕووى بارهەڵگرەکاندا داخرا و ئێستا هاتوچۆیان کەوتووەتە رێگاى سکتان، چەند رۆژێکى دیکە رێگەکە بەڕووى ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانیش دادەخرێت.
کۆسار حەمەد، ەڕێەوەبەرى چاککردن و پاراستنى رێگاوبانى کۆیە بە 964ـى وت،”لە دوێنێوە کارکردن لە رێگاى سماقوڵى دەستى پێکردووەتەوە و لە یەکەم هەنگاویشدا رێگاکە بەڕووى بارهەڵگرەکاندا داخرا”.
“بارهەڵگرەکان ئێستا رێگاى سکتان بەکاردەهێنن و تا تەواو بوونى قیرى رێگاى سماقوڵى ناتوانن بەو رێگەیەدا هاتوچۆ بکەن”، کۆسار حەمەد واى وت.
روونیشى کردەوە، چەند رۆژێکى دیکە لەگەڵ دەستکردن بە قۆناغى قیرکردن هاتوچۆى رێگاکە بەڕووى هاتوچۆى ئۆتۆمبێلى تایبەتیشدا دادەخرێت.
27 ئەم مانگە وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە، بڕیاریدا کارکردن لە پرۆژەى نۆژەنکردنەوەی رێگای سماقوڵی دەستپێبکاتەوە، بەڵام دوێنێ کارکردن دەستى پێکردەوە.
رێگاى سماقوڵى لە رێگاى سەرەکى دوکان چوارقوڕنە لە نزیک گوندى هیزۆپەوە دەستپێدەکات و ئیدارەى راپەڕین بە هەولێرەوە دەبەستێتەوە و یەکێکە لە رێگا قەرەباڵغەکان.