هەلی کار بۆ 94 دەرچووی بەشی شوێنەوار دەڕەخسێنێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی هەلی دامەزراندن بۆ 94 دەرچووی بەشی شوێنەوار دەڕەخسێنێت. بەڕێوەبەرەکەش دەڵێت: هەلی کارەکە لەگەڵ ئەو تیمە دەرەکییانە دەبێت، کە لە پارێزگای سلێمانی بەدوای شوێنەواردا دەگەڕێن.

15ـی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سلێمانی فۆڕمێکی بڵاوکردەوە بۆ ئەو دەرچووانەی بەشی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانی، کە دانەمەزراون بۆ رەخساندنی هەلی کار و تا پێنجی کانونی دووەم پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بەردەوام بووە و 94 خوێندکار پڕیان کردووەتەوە.

حوسێن حەمەغەریب، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: لە پلانی ساڵی 2023ـی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان چەندان تیمی جیاوازی دەرەکی کنە و پشکنین بۆ شوێنەوار دەکەن لە پارێزگای سلێمانی، ئەو دەرچووانە لەگەڵ ئەوان دادەنێین.

دەشڵێت: جگە لە پسپۆڕی کاری شوێنەوار پێویستی بە ئەزموون و کاری کردەییە، ئەو دەرفەتە بۆ خوێندکارە دەرچووەکان گرنگە، “ئێمە رۆژانەیەک لەلایەن ئەو تیمانەوە بۆ ئەو دەرچووانە دەستەبەر دەکەین و لە دواتریشدا دەرفەتی دامەزراندن و خۆگونجاندنیان لەگەڵ ئەو تیمانە باشتر دەبێت”.