ماڵی داڵدەدانيان بۆ كرایه‌وه‌

ژنه‌ هه‌ڕه‌شه‌لێكراوه‌كانى راپه‌ڕین زیندانیان له‌ كۆڵ بووه‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ ئیداره‌ى راپه‌ڕین بۆ یه‌كه‌مجار ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشە لێکراوا له‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كارو كاروبارى كۆمه‌لایه‌تى كرایه‌وه، وته‌بێژى وه‌زاره‌تیش ده‌ڵێت، به‌كردنه‌وه‌ى ئه‌م ماڵه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یان چاره‌سه‌ر كردووه‌.

ماڵه‌كه‌ بۆ ماوه‌ى 72 كاتژمێره‌ ئه‌و ژنانه‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ رووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌و توندوتیژى ده‌بنه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌ چاره‌سه‌ر نه‌بوو ره‌وانه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى توندوتیژى خێزانى سلێمانى ده‌كرێن.

ئاریان ئه‌حمه‌د، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كارو كاروبارى كۆمه‌لایه‌تى به‌ 964ـى راگه‌یاند، كردنه‌وه‌ى ئه‌م ماڵه‌ له‌ راپه‌ڕین كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ى له‌كۆڵ كردوونه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ پێشتر هه‌ر ژنێك ئه‌و حاڵه‌ته‌ى هه‌بوایه‌ ره‌وانه‌ى زیندان ده‌كرا، چونكه‌ ئه‌و ماڵه‌ له‌وێ نه‌بووه‌.

وتیشی ” ماڵه‌كه‌ له‌ رانیه‌ كراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام بۆ ته‌واوى سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕینه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، تاوه‌کو ئێستا لە سنوری پارێزگاى هەڵەبجە، ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانى سۆران و زاخۆ ماڵی داڵدەدانی ژنانیان نییە، به‌ڵام پلانیان هه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى راپه‌ڕین له‌و شوێنانه‌ش بكه‌نه‌وه‌.

لە هەرێمی کوردستان، چوار شەڵتەری تایبەت بە کەیسەکانی ژنان هەن، سەر بە وەزارەتی کارن، هەندێكیان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان سه‌ر به‌ وەزارەتی ناوخۆ، ئەرکی پاراستنیان دابینکراوە.

ئه‌و کەیسانه‌ی ره‌وانه‌ى شه‌ڵته‌ره‌كان ده‌كرێن، پەیوەستن بە توندوتیژی، یان ئەوانەی هەڕەشەیان لەسەرە، بەشێکی لەلایەن نووسینگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە فەرمانی دادوەر بۆ شەڵتەرەکان رەوانە دەکرێت، بەتایبەت ئەو ژنانەی هەڕەشەی کوشتنیان لەسەرە، کە مەرج نیە کێشەکەیان گەورە بێت.

سێ لە شەڵتەرەکان، کەیس دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ و بەپێی پێویست بە بڕیاری دادوەر تێیدا بمێننەوە، کە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆکدا هه‌ن، به‌ڵام شەڵتەری چوارەمیان لە ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى گەرمیانە، کە کەیسەکان بە بڕیاری دادوەر تەنیا بۆ ماوەی 72 کاتژمێر لێی دەمێننەوە، وه‌كو ئه‌و ماڵه‌ى له‌ ئیداره‌ى راپه‌ڕین كرایه‌وه‌.

کاری شەڵتەرەکان بەپێی رێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی 2023ی ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو، رێکخراوە، کە لە ژمارە (300)ی رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی کوردستان لە 2023/3/16 بڵاوکراوەتەوە.

به‌پێی داتاكانى فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022، کۆی گشتیی ژنانی سوودمەند لە شەڵتەرەکانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان، 895 ژن بوون.

لەو ژمارەیەش، 28٪ى داڵدەدراوان لە هەولێر و 43٪ لە سلێمانی و 28٪ لە دهۆک و 1٪ لە گەرمیان بوون.

زۆرترین ئافرەت لە شێڵتەری سلێمانی داڵدەدراون

زۆرترین ئافرەت لە شێڵتەری سلێمانی داڵدەدراون