کۆبوونەوەی بەرپرسانی ژووری بازرگانی سلێمانی و کرماشان-وێنە: ئیرنا
"پەروێزخان شاڕێی ئابووریی رۆژئاوای ئێرانە"
سلێمانی و کرماشان دەیانەوێت پەرە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بدەن
964+
شۆڕش قادری
بەرپرسانی ژووری بازرگانی سلێمانی و کرماشان لە هەوڵی ئەوەدان پەرە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنوورەکانیان بدەن.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری محەمەد نەجەفی قائیمقامی قەسری شیرین بڵاویکردووتەوە، بەرپرسانی ژووری بازرگانی کرماشان و سلێمانی و گەرمیان لە مەرزی پەروێزخان کۆبوونەتەوە و سەبارت بە لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم هاوردە و هەناردەی کاڵا، چارەسەرکردنی کێشەی شۆفێرانی تانکەرەکان، ئاسانکاری بۆ جموجۆڵی بازرگانی و هاوکاری زیاتری نێوانیان، گفتوگۆیان کردووە.
“مەرزی پەروێزخان گەورەترین شاڕێی ئابوری رۆژئاوای ئێرانە و پێویستە کەڵک لەو دەرفەتە بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکانمان وەربگرین”، محەمەد نەجەفی وای وتووە.
نەوزاد غەفور سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هەواڵەکەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا چۆنیەتی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان سلێمانی و کرماشان تاوتوێ کراوە.