گۆڕستانی کەسنەزان قیرتاو دەکرێت

+964

فەرمان سادق

دروستکردنی شورا و قیرتاوکردنی شەقامەکانی گۆرستانی گەورەی کەسنەزان دەستی پێکرد، ئەمە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاوڵاتییان دەکات.

قۆناغی  یەکەمی پڕۆژەی دروستکردنی شورە و قیرتاوکردن لەجۆری دەبل درێسینگی گۆڕستانی کەسنەزانی دەستی پێکرد کە 140 ملیۆن دیناری لەسەر بودجەی 15٪ـی داهاتی شارەوانی بۆ تەرخان کراوە.

گۆڕستانی گەورەی کەسنەزان، دەکەوێتە کۆتایی دووسایدی نێوان هەولێر- کۆیە، بە تەنیشت مۆنۆمێنتی ئەنفالە، گەورەترین گۆڕستانی سنووری شاری هەولێرە. ئەگەرچی گۆڕستانەکە شەقامەکانی بۆ دیاری کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی گۆڕستانەکە دەکەوێتە سەر چەند گردو تەپۆڵکەیەک، هەروەها خاکەکەشی بەردەڵانە، ئەمە وایکردووە ئەوانەی روو لەو گۆڕستانە دەکەن بەدەم هاتوچۆوە عەزیەتی زۆر دەبینن، بە تایبەت لە وەرزی زستان.

ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پڕۆژەکە بەسەر کردەوە و وتی “پڕۆژەکە، ئاسانکاریەکى زۆر بۆ هاوڵاتییان دروستدەکات بەتایبەتى لە وەرزى زستان کە هاوڵاتییان زەحمەتیەکى زۆرى بۆ دروست دەبوو چ لە کاتى ناشتنى مردووەکانیان یان لە سەردانى گۆڕى مردووەکانیان”.