یەک دەفتەریان دەوێت

سێ ساڵە پارە کۆنابێتەوە بۆ کڕینی ئەمبوڵانسێکی گواستنەوەی تەرم

964+

ئەحمەد مستەفا

بە گەرما و سەرما، لە پشتی نیسان پیک ئاب، یان کیا دوو تۆنی، مردووەکانیان دەبەنە گۆڕستان، رێکخراوی خەم سێ ساڵە دەچێتە لای کەسانی خوا پێداو، بەڵام هەرچی دەکات ئەو بڕەی پێویستە دابین نابێت، تا ئەمبوڵانسێکی گواستنەوەی تایبەت بە تەرمی پێ بکڕن.

ئەمەی باسکرا دۆخی شارۆچکەی عەربەتە 19 کیلۆمەتر لە باشووری سلێمانی، دانیشتووانەکەی نزیکەی 70 هەزار کەسن، دوو گۆڕستانیش لە سنوورەکەیدا بوونی هەیە، جیاواز لە گۆڕستانی گوندەکانی.

ئەو شارۆچکەیە تائێستا ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بە گواستنەوەی تەرمی نییە، رێکخراوی خەم کە کار بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە مرۆییەکان و دەستگیرۆی خەڵک دەکات لە ناوچەکە، سێ ساڵە دەیەوێت ئەو ئەمبوڵانسە بکرێت، بەڵام بڕە پارەی پێویست کۆ نابێتەوە بۆیان.

ئەمڕۆ یەکشەممە 15.9.2024، ئاسۆ جاف، سەرۆکی رێکخراوی خەم بە 964ی وت، ئامانجی ئەوەمان هەبووە، وەک ریزێک بۆ کەسی مردوو و بنەماڵەکەیان، ئۆتۆمبیلێکی تایبەت بەو پڕۆسەیە هەبێت، لە هەمان کاتدا بێ بەرانبەر ئەرکەکە جێبەجێ بکات، کە هەندێکجار دەبیستین پارە بۆ گواستنەوەی تەرم وەردەگیرێت.

ئەو ئەمبوڵانسەی ئەوان دەیانەوێت بیکڕن لە دە هەزار دۆلار (یەک دەفتەر) کەمتر نییە، بە قسەی ئاسۆ جاف خواپێداو و خێرخواز هەن، ئامادەییان هەبووە پارە پێشکەش بکەن بەڵام ئەو وتی، “بڕەکە هێندە کەم بووە کە شایەنی باسکردن نییە”، لە نەبوونی ئەو ئۆتۆمبیلەشدا هەندێکجار خەڵکی ناوچەکە لە شارەزوور و سەیدسادقەوە بانگی ئەمبوڵانسی تەرم  دەکەن.

ئەگەر ئەمبوڵانسەکەیان بۆ بکڕدرێ، خەڵکی دیکە هەن بەڵێنیان پێداون لەرووی خەرجی ئۆتۆمبێلەکە و خزمەتگوزاری هاوکاریان بن و شۆفێریش بەردەست دەبێت بێبەرامبەر کاری لەسەر بکات، سەرۆکی رێکخراوی خەم دەڵێت، رەنگە خێرخوازەکان چاوەڕێی دەستپێشخەری یەکتر بن، لە کاتێکدا خەڵکی ناوچەکە پێویستی بە ئۆتۆمبێلەکەیە.

لە بازیان شۆفێر و ئۆتۆمبێل بێ بەرامبەر تەرم دەگوازنەوە

لە بازیان شۆفێر و ئۆتۆمبێل بێ بەرامبەر تەرم دەگوازنەوە