ماڵەکەی پڕ لە گوڵە

کچەکەی گۆپتەپە بە ئاوی برنج و پەتاتە گوڵ بەرهەم دەهێنی

964+
عەزیز عەبدوڵا

خۆی گوڵەکان بەرهەمدەهێنی و دەیانفرۆشێ، دوو کەسی دیکەشی لەسەر خولیاکەی راهێناوە و پێکەوە کاردەکەن، ئەوە چیرۆکی رووبار ئەحمەدە لە گوندی گۆپتەپەی ناحیەی ئا‌غجەلەر، کە ماوەی شەش ساڵە لە ماڵەکەی خۆیان دەست و پەنجەی لەگەڵ بەرهەمهێنانی گوڵ راهێناوە.

هەوڵە سەرنجڕاکێشەکەی رووبار، جیاوازە جگە لەوەی خەمی ئەوەی بووە بەڕێگەیەکی سروشتی گوڵەکان بەرهەم بهێنێت، لەبری پەینی کیمیایی، ئاوی برنج و ئاوی پەتاتە بۆ پێگەیاندنی گوڵەکانی بەکاردەهێنێت.

روووبار ئەحمەد، گوڵ فرۆشە گوندنشینەکەی گۆپتەپە ئەو بە 964ی وت، “ماوەی شەش ساڵ دەبێت سەرقاڵی بەخێوکردنی گوڵم لە ماڵەکەی خۆمدا و سێ ساڵ دەبێت توانیومە ئەو گوڵانەی بەرهەمیان دەهێنم، رەوانەی بەشێک لە دەرەوە و ناوچەکانی گۆپتەپەیان بکەم و بیان فرۆشم”.

رووبار بیرۆکەی کارەکەی، لە وکاتەوە بۆهاتووە کە ساڵی 2019 وازی لە خوێندن هێناوە و لەماڵەوە وێنەی چەند گوڵێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردەووەتەوە و هاوڕێ و دۆستانەکانی خواستێکی زۆریان لەسەری هەبووە، ئەوەش بیرۆکەی کارەکەی وەک خولیایەک لەلا دروستکردووە.

ساڵانە لە مانگی کانوونی دووەم  و شوبات، دەست دەکەن بە روواندنی قەڵەمەکان و خزمەتیان دەکەن، تاوەکو و مانگی ئایار تەواو ئامادەدەبن بۆ ناردنە بازاڕ و فرۆشتن، زیاتر لە 1000 قەڵەم دەڕوێنن، رووبار دەڵێت، “داهاتمان نزیک دەبێتەوە لە 500 هەزار دینار لەماوەی ساڵێکدا، تاک و ئێستا گوڵەکانم لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە داواکراوە”.

ئەو هەریەک لە گوڵەکانی، (کاکتۆز، دڕکەمەسیح، ریحانە، کالانشۆ، جەهەنمی، کاردو، لابلال، دوو جۆری هایدرا، گوڵە فرمێسک و چوار جۆری مەتات) بەرهەمدەهێنێ ئەوە جیاواز لەوەی لەو ماوەیەدا توانیویەتی کار لەسەر بەرهەمهێنانی 200 گوڵی جۆراوجۆر بکات، نرخەکەشیان بە گشتی لە 1000 دینارەوە دەستپێدەکات و گرانترینیان بە 15هەزار دینارە.

بە ئەزموونی کارەکانی زانیویەتی کە بۆ گەشەی گوڵەکانی ئاوی برنج و پەتاتە کاریگەر بوون، هەروەها بۆ چاندنیش هەندێکجار سوود لە پەینی ژێر ئاژەڵانیش وەردەگرێ، لەبیرۆکەیدایە شوێنەکەی گەورەبکات، چونکە تائێستا لە باخچەی ماڵەوەیان سەرقاڵی کارەکەیەتی، لە حاڵێکدا دەیەوێت لەگەڵ گەورەکردنی پڕۆژەکەیدا هەلی کار زیاتر بۆ خانمانی گوندەکەی بڕەخسێنێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

ئه‌و گونده‌ى ورچی لێیه‌ گوڵه‌ ورچیشی لێ رواوه‌

ئه‌و گونده‌ى ورچی لێیه‌ گوڵه‌ ورچیشی لێ رواوه‌

800 گوڵی چاو پشیلە چێندرا

800 گوڵی چاو پشیلە چێندرا