ئامادەکارییە بۆ زستان
تۆڕی کارەبای چەند گوندێک لە دەربەندیخان نۆژەن دەکرێتەوە
964+
شۆڕش قادری
کارەبای گوندەکانی دەرەدۆین، بەرکەل، زەردەلیکاو، چرچەقڵا، تەپەڕووس و قەڵا لە دەربەندیخان، نوژەن دەکرێنەوە.
ئەندازیار باست عەزیز بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دەربەندیخان بە 964ـی راگەیاند، “لەسەر بودجەی 8٪ـی داهاتی کارەبا بە بڕی 20 ملیون دینار لەلایەن هۆبەی چاکسازی کارەبای یەک تۆڕی، کارەبای گوندەکانی دەرەدۆین، بەرکەل، زەردەلیکاو، چرچەقڵا، تەپەڕووس و قەڵا نۆژەن دەکرێتەوە”.
“ئەوە کارە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان ئەنجام دەدرێت،” باست عەزیز وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردنی تیمەکانیان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕینی کارەبای ئەو گوندانە نییە چونکە کارەبای نیشتمانی لە دەربەندیخان نزیک کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ دێتەوە و ئەوان کاتژمێر پێنج بەیانی دەستبەکار دەبن و تا نیوەڕۆ کاردەکەن.
باست عەزیز وتیشی، ماوەی سێ رۆژە دەستیانکردووە بە نۆژەنکردنەوەی تۆڕی کارەبای ئەو شەش گوندە و پێشبینیش دەکەن تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، کارەکانیان کۆتایی بێت.