یەکێتی زانایانى کوردستان:

“لەگەڵ پرۆژە پێشنیاری هەمواری یاسای باری کەسی عێراق نین”

964+

وریا فەتاح

یەکێتى زانایانى کوردستان، لەگەڵ پڕۆژە پێشتیارى هەموارى یاساى بارى کەسیى عێراق نییە و دەڵێت: هیچ پێویستی و بۆشاییەکی یاسایی نەهاتۆتە پێش تا هەموار بکرێتەوە.

پرۆژە پێشنیاری هەمواری یاسای باری کەسی لە عێراق، ئێستا لە پەرلەمانی عیراق هەوڵی تێپەڕاندنی دەدرێت و دووجار خراوەتە بەرنامەی کار بە ئامانجی خوێندنەوەو پەسند کردنی، ئەمەش نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

لەسەر ئەو بابەتە، مەلا عەبدوڵا شێرکاوەیى، وتەبێژی یەکێتی زانایان بە ماڵپەڕى یەکێتى زانایانى راگەیاندووە کە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەدواداچوونی ورد بۆ هەموو ئەو پرسانە دەکات کە رەهەندی ئایینیان هەیەو پەیوەستن بە باری کەسی و کاروبارەکانی خێزانەوە.

وتوشیەتى،” دوای تاوتوێکردنی پرسی هەمواری یاسای باری کەسی گەیشتینە ئەو ئەنجامەی، کە یاسای باری کەسی ژمارە 188ـى ساڵی 1959 وەک یاسایەکی بەرکارو وەرگیراو لە شەریعەتی ئیسلامی توانیویەتی کاروبارەکانی پەیوەندیدار بە خێزان رێک بخات و کێشەو هاوسەنگی و یەکڕیزی نێوان پێکهاتەکان بە جیاوازیی مەزهەبی و نەتەوەیی و کلتوری رابگرێت و، وەک یاسایەکی مەدەنی مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیان بکات و سەقامگیری و شیرازەی خێزان بپارێزێت”.

شێرکاوەى باسى لەوەشکردووە، هیچ پێویستی و بۆشاییەکی یاسایی نەهاتۆتە پێش تا یاساکە هەموار بکرێتەوە.

وتەبێژى یەکێتى زانیایان پێى وایە، ئەم پرۆژە پێشنیارە خزمەت بە کۆمەڵگەو خێزان ناکات و لێکەوتەی خراپی بۆ عێراق و کوردستان لێدەکەوێتەوەو مەبەستی تری لە پشتەوەیە.

“یەکێتى زانایان وێڕاى ئەوەى لەگەڵ پرۆژە پێشنیارەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی نین، داواش لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی کاری پێویست ئەنجام بدەن”، عەبدوڵا شێرکاوەى واى وتووە.

ژنانی كوردستان دژی هەمواری یاسای باری كەسیین لە عێراق

ژنانی كوردستان دژی هەمواری یاسای باری كەسیین لە عێراق

بۆ هەمواری یاسای باری کەسی ئەم پێشنیارانە كراون 
– دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
– هەرکەسێک پێشتر ئەوەی نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکەش بکات.
– ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوسەرەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
– دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن، پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسێتی دروست بکەن.
– تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
–  ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەویی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجومەنی زانستیی و فەتوا وەردەگیرێت.
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە:
دادگەی باری کەسی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری پەسەند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سونە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسەنددەکرێن.
لە هۆکارەکانی دەرچوواندنی هەموارەکەدا هاتووە؛ لەگەڵ مادەی دووی دەستوور دەگونجێت و مادەی 41ـیشی کە دەڵێت عێراقییەکان ئازادن لە دیاریکردنی مەزهەبەکانیان.