دەنگى بارهەڵگرەکان بێزاریان کردوون

دانیشتووانى گەڕەکێکى عەربەت چاوەڕێى باخچە بوون کەچى گەراجیان بۆ دەرچوو

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ماوەی دوو ساڵ دەبێت، زەوییەک لە گەڕەکى رزگارى بۆ باخچە دانراوە، بەڵام لە جیاتى باخچە و سەوزایى، کراوەتە گەراج و شوێنی وەستانی تانكەری سووتەمەنی و بارهەڵگرەكان، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەتیش دەڵێت، گەراجێكی كاتییان بۆ دیاری دەكەین و دەیانگوازنەوە بۆ ئەو گەراجە.

گەراجە كاتییەكە، دەكەوێتە بەشی سەرەوەی عەربەت، تەنیشت كەمپی ئاوارەكانی عەربەت، هەفتەی داهاتوو دەست بە گواستنەوەیان بۆ شوێنەكە دەكرێت.

بەرهەم قادر، دانیشتوویەكی گەڕەكی رزگاری عەربەتە و بە 964ـى وت، “ماوەیەكی زۆرە بەدەست ئەم بارهەڵگر و تانكەرانەوە ژیانمان نەماوە، وامان لێهاتووە خانووەكانمان بفرۆشین، هەموو بەرەبەیانێك بە دەنگی بەرزی ئەو بارهەڵگرانە لەخەو هەڵدەستین و داوای چارەسەر دەكەین لەلایەنی پەیوەندیدار”.

باهۆز محەمەد، کە دانیشتوویەكی دیكەی گەڕەكەكە، لە قسەکردندا بۆ 964 باسى لەوەکرد، چاوەڕێ بوون ئەو پارچە زەوییە بکرێتە باخچە و رووبەرى سەوزایى، بەڵام کراوە بە گەراجى بارهەڵگرەکان، ئەو بارهەڵگرانە شەو و رۆژییان نییە و گوێ بە ئیسراحەتی خەڵک نادەن، کەى بیانەوێت تایە و رۆنی بارهەڵگرەكان دەگۆڕن و دەنگی كۆمپرێسەر خەڵکى ناوچەکەى بە تەواوى بێزار کردووە.

964 کێشەى گەڕەکەکەى گەیاندە لای دابان محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت، ئەویش لە 964ـى وت،”دوای گلەیی و ناڕەزایەتی دانیشتووانی گەڕەكەکە، هەفتەی رابردوو لەگەڵ هاتوچۆ و سەرۆكی شارەوانیی عەربەت قسەمان كردووە و بڕیارمانداوە شوێنێكیان بۆ دیاری بكەین، رۆژی دووشەممەی داهاتوو رێكارە یاساییەكانیان بۆ تەواو دەكەین و لە رۆژانی دواتر دەیانگوازینەوە بۆ شوێنە تازەكە”.

باسى لەوەشکرد، جارێ بەكاتی لەو شوێنە دوریان دەخەنەوە و دەیگوازنەوە بۆ نزیك كەمپی ئاوارەكانی عەربەت و دوور لە دانیشتووان، تا ئەو كاتەی هەردوو گەراجی بارهەڵگرەكانی عەربەت، كە دەكەوێتە نزیك كارگەی قیری عەربەت و گەراجی گەورەی موەحەد، لە تەنیشت بازگەی عەربەت – سلێمانی تەواو دەبن.

“پێشتر چەند جارێك ئاگادارمان كردوون و دەستمان گرتووە بەسەر ساڵانەكانیان وغەرامەكردن و لێكردنەوەی ژمارەی بارهەڵگرەكانیشمان بۆ كردوون، بەڵام سوودی نەبووە و هۆكاری وەستانیشیان نەبوونی گەراجێكی گەورەیە لە عەربەت، كە ئەو بارهەڵگرانە ناچارن لە عەربەت بوەستن، لەبەرئەوەی بەیانیان رێگەیان پێنادرێت داخڵی سلێمانی بن”، دابان محەمەد واى وت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

بارهەڵگرێک و تانكەرێكی سووتەمەنی لە نزیک عەربەت بەیەک...

بارهەڵگرێک و تانكەرێكی سووتەمەنی لە نزیک عەربەت بەیەکیاندادا