چاڵەكانیان بۆ پڕكردوونەتەوە
نۆژەنكردنەوەی گەڕەكێكی بەردەقارەمان ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێكەوتەوە
+964
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
ماوەی سێ هەفتەیە، كۆڵانێكی گەڕەكی پیرەمێرد لە شارۆچكەی بەردەقارەمان ئامادە كراوە بۆ قیركردن، بەڵام بە پینە كردنی بەچیمەنتۆ چاڵەكانی پڕكراوەتەوە و سەرۆكی شارەوانی بەردەقارەمانیش دەڵێت، “ئێمە بەڵێنی قیركردنمان نەداوە و تەنیا دەرخستەمان بۆ كردووە و ناردوومانە بۆ شارەوانییەكانی دەوروبەری سلێمانی”.
رزگار قادر، دانیشتووی گەڕەكی پیرەمێردی شارۆچكەی بەردەقارەمانە و لە پارچە ڤیدیۆیەكدا كە بۆ 964ـی ناردووە دەڵێت، ”ماوەی سێ هەفتە بوو، چاوەڕێی چاككردنی رێگاكەمان بووین، بەڵام بەم شێوازەی لە ڤیدیۆكەدا دەبینرێت، تەنیا چاڵەكانیان بۆ پڕكردینەوە و كۆڵانەكەمان بۆ قیر نەكرا وەك ئەوەی بڕیاری لەسەر درابوو”.
هەڤاڵ بەرزنجی، دانیشتوویەكی دیكەی گەڕەكەیە و بۆ 964 وتی، “ماوەی 20رۆژ زیاتر دەبێت، كۆڵانەكەیان گرتووە و بەڵێنیان پێدابووین بۆمان نۆژەن بكەنەوە، بەڵام لەكۆتایدا تەنیا چاڵەكانیان پڕكردەوە و كارێكی خراپی بۆ كراوە و چاوەڕێی ئەوەمان نەدەكرد”.
964 لەسەر قیركردنی گەڕەكەكە قسەی لەگەڵ سیروان حسێن، سەرۆكی شارەوانی بەردەقارەمان كردووە و لای خۆیەوە بە 964ی راگەیاند، “ئەوەی دەوترێت لەسەر قیركردنی گەڕەكەكە بەو جۆرە نییە و بەڵێنمان نەداوە، بەڵكو ئێمە دەرخستەمان كردووە بۆ شارەوانییەكانی دەوروبەری سلێمانی بۆ دابینكردنی بوودجە، كە بۆ نۆژەنكردنەوە و قیركردنی تەنیا ئەو كۆڵانە پێویستمان بە بڕی حەوت ملیۆن دینارە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە، بڕی یەك ملیۆن دینارمان لە قایمقامی بازیان وەرگرتووە بۆ پڕكردنەوەی چاڵەكان، تا ئەو بودجەیە تەرخان دەكرێت، بە كارمەندەكانی خۆمان چاڵ و چۆڵییەكانی كۆڵانەكەمان پڕكردووەتەوە و كرێكارمان بۆ نەگرتووە، بۆئەوەی پارەكەمان بەشی چیمەنتۆكە بكات، ئەوەش لەسەر داواكاری قوتابخانەی پیرەمێرد بووە، كە كەوتووەتە ئەو كۆڵانەوە”.
لەبارەی پێویستی كۆڵان و گەڕەكەكانی بەردەقارەمان بۆ قیركردن سیروان حسێن وتی، زیاتر لە 20 كۆڵانی شارۆچكەی بەردەقارەمان پێویستی بە نۆژەنكردنەوە و قیركردنە، نوسراو و دەرخستەمان بۆ زۆربەی داموودەزگاكانی حكومەت ناردووە و تا ئێستاش بودجەمان بۆ تەرخان نەكراوە”.
شارۆچكەی بەردەقارەمان ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 12 هەزار كەسە و سەر بە قەزای بازیانە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر