موڵکی حکومەتن
کڕین و فرۆشتن بە زەوییەکانی تیماری گەورە قەدەغەیە
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، ئاگاداری خاوەن نوسینگەکانی خانووبەرە دەکاتەوە، کڕین و فرۆشتن بە زەوییەکانی تیماری گەورە نەکەن، چونکە زەوییەکان بۆ پرۆژەی پیشەسازی دانراون.
تیماری گەورە گوندێکە دەکەوێتە سەر رێگای هەولێر بۆ مەخمور، لە تەنیشت گەڕەکی تۆپزاوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11.9.2024، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە964ـی وت، “ئەوانە کۆمەڵێک زەوین کە دەکەوێتە ناوچەی پیشەسازی تیماری گەورە، ئەو زەوییانە لە بنەڕەتدا موڵکی حکومەتن و کڕین و فرۆشتنیان لەسەر نیه”.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر، وتیشی، “لە داواکاری گشتییەوە نوسراوێکیان بۆ هاتووە و داوا کراوە هەموو نوسینگەکانی خانووبەرەی لێی ئاگاداربکرێنەوە، هەر نوسینگەیەکیش مامەڵە بەو زەوییانە بکات سزای یاسایی دەدرێت، چونکە بەپێی یاسایی ژمارە 4ـی ساڵی 2006 مامەڵە کردن بەو زەوییانە قەدەغە کراوە”.
داواکاری گشتی دەیەوێت لە رێگای ژووری بازرگانییەوە کۆنتڕۆڵی زیادەڕۆیی و ئەگەری کاری ناسایی لەسەر زەوییەکان بکات، بە قسەی سەرۆکی ژوورەکە، “چونکە هەموو مۆڵەت پێدان و نوێکردنەوە و لێسەندنەوەی مۆڵەت، کاری ژووری بازرگانییە”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا
زەوییەکانی تیماری گەورە لە نەخشەکەدا روونکراوەتەوە _ وێنە: لە نوسینگەیەکی خانووبەرە وەرگیراوە