"لە هەفتەی داهاتووەوە 6 پلە دادەبەزێت"
کۆتا هەفتەی گەرمایە و کەشی پایزە دەست پێ دەکات
+964
توانا نەقی
بە پێی پێشبینیەکانی کەش و هەوا و کەشناسێک ئەمە کۆتا هەفتەی گەرمای تاقەتپڕوکێنی کوردستانە و لە هەفتەی داهاتووەوە کەشی فێنکی پایزە لەسەرجەم ناوچەکان دەست پێدەکات.
لەم هەفتەیەدا و بەتایبەت ئەمڕۆ سێشەممە کەشەکە بەجۆرێک گەرمبووە کە کەمڕۆژی مانگی تەموز و ئابیش بەو شێوەیە بوون چاوەڕێ دەکرێت سبەینێش بەهەمان شێوەی ئەمڕۆ گەرم بێت.
سیروان ساڵح شارەزای کەشناسی بە 94ـی وت، گەرما تەواو بووە و تەنیا ئەم سێ رۆژە بەرگە بگرن لە دوای هەینی داهاتووە کەش بەتەواوەتی ئەگۆڕیت و کەشی پایزە دەست پێدەکات.
وتیشی، لە رۆژی هەینییەوە پلەکانی گەرمی 6 پلە دادەبەزن و کەش فێنک دەبێت، لە ناوچەی چیا بەرزەکان 30 تا 33 پلە دەبێت، لە ناوچە کوێستانییەکان 37 تا 39 پلە و ناوچەکانی گەرمیان لە نێوان 38 تا 41 پلەی سیلیزی دەبێت.
ئەوەی هەیە ئەم سێ رۆژە گەرمایەی کە ماوە بەشەو کاریگەری زۆر نابێت و تەنیا چەند کاتژمێرێکی رۆژ زۆر گەرم دەبێت، سیروان ساڵح وای وت.