ئەو وەزیرانەی دەگۆڕدرێن كامانەن؟

سودانی بەنیازە گۆڕانكاری لە كابینە وەزارییەكەی بكات

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی عێراق ناوی ئەو وەزارەتانەی بۆ تۆڕی 964 ئاشکرای کرد، کە پێدەچێت بخرێنە ناو ئەو گۆڕانکارییە وەزارییەی کە سەرۆکوەزیران لە دوایین وتارەکەیدا باسی کردووە و بەنیازە وەزیرەكانیان بگۆڕێت.

سەرچاوەكە جەختی لەوە کردەوە، محەمەد شیاع سودانی بە جددی بیر لەوە دەکاتەوە 4 وەزیر بگۆڕێت، کە بریتین لە وەزیرانی بازرگانی، پەروەردە، رۆشنبیری و گواستنەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەدا، وەزارەتی پەروەردە هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە، ئەگەر گۆڕانكاری  لە کابینەی حکومەت رووبدات، ئەوا وەزیرە نوێیەکان نزیکەی ساڵێکیان دەبێت پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان، بۆیە هێشتا لە بازنەی سیاسیدا بەهۆی کەمی کاتەوە، ئیمکانیاتکردنی بیرۆکەی دەستکاریکردنی کابینەی حکومەت لەژێر گفتوگۆدایە.
وتیشی، هەندێکی دیكەش پێیان وایە ئەو ماوەیە بەسە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بەرجەستە، ئەگەر کارەکان لەگەڵ پلان و خشتەی کاتی روون بن.
بە گوێرەی ئەو سەرچاوە باڵایەی بۆ 964 قسەی كردووە و ئامادە نەبوو ناوی ئاشكرا بكرێت، سەرۆك وەزیرانی عێراق چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی مەلەفی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات بە مەبەستی دەستپێکردنی گۆڕانکارییە وەزارییەکان.

ئەوەشی خستەڕوو کە “سەرنجی نەرێنی جددی لەسەر هەندێک وەزارەت هەیە کە پێدەچێت بگاتە ئەو ئاستەی بڕیارێک بدرێت بۆ گۆڕینی وەزیر یان ئاگادارکردنەوەی”.
بە گوێرەی سەرچاوە، ئەو وەزیرانەی نزیكن بگۆڕدرێن، ئەمانەن: وەزیری بازرگانی ئەسیر غورەیری، وەزیری پەروەردە ئیبراهیم نامیس ئەلجبوری، وەزیری رۆشنبیری، ئەحمەد فەکاک ئەلبەدرانی و وەزیری گواستنەوە رەزاق محێبس ئەلسەعداوی.
“تا ئێستا وەزارەتی خوێندنی باڵا یەکلانەکراوەتەوە و رەنگە سودانی گفتوگۆ لەگەڵ وەزیر نەعیم ئەلعەبودی بكات بۆ ئاگاداركردنەوەی و پێدانی هەندێك تێبینی”، سەرچاوە باڵاكە بۆ 964 وای وت.
وتیشی، سودانی رەتیدەکاتەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە وەزارەتەکانی نەوت و وەزیرەکەی حەییان عەبدولغەنی، وەزارەتی ناوخۆ و وەزیرەکەی عەبدولئەمیر ئەلشەمەری بكات، هەروەها پێی وایە بارودۆخی وەزارەتەكانی نیشتەجێبوون بە سەرۆکایەتی وەزیر بەنگین رێکانی و سەرچاوەکانی ئاو بە سەرکردایەتی وەزیر عەون زیاب باشە و بایەخی زیاتریان پێدەدرێت.

سودانی داوا دەكات لایەنەكان بۆ دانانی پارێزگاری كەركو...

سودانی داوا دەكات لایەنەكان بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك رێكبكەون