پرۆتۆكۆل واژۆ دەكرێت
تۆپی سەرمێزی كرماشان لە هەولێرن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شاندێكی گەورەی یاریی تۆپی سەرمێزی شاری كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە هەولێرن و مەشق و یاریی دەكەن، بڕیارە پرۆتۆكۆلێكی وەرزشییش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش واژۆ بكەن.
ئومێد فاروق سەرۆكی لقی هەولێری فیدراسیۆنی تێنسی عێراق بە 964ی وت، شاندەكە 20 یاریزانی لاو، راهێنەر و كارگێڕ، هەروەها جێگری بەڕێوەبەری گشتیی وەرزشی شاری كرماشان و سەرۆكی فیدراسیۆنی تێنسی شارەكەی لەخۆگرتووە و لە رۆژی پێنجی ئەم مانگەوە هاتوون.
ئومێد فاروق ئاماژەی بەوەدا، پێشتر تیپی تۆپی سەرمێزی هەولێر لە كرماشان میوانداری كران و ئەمجارەش هەولێر ئەوانی میوانداریی كردووە.
” لە دوو رۆژی كۆتایی سەردانی شاندەكە، پاڵەوانیەتییەكی دۆستانە بۆ دوو رۆژ رێكدەخەین بە بەشداریی یاریزانانی هەردوولا”، سەرۆكی لقی هەولێری تۆپی سەرمێزی عێراق وای وت.
هەروەها باسی ئەوەی كرد، هەردوولایان خۆیان بۆ پاڵەوانیەتییەكی نێودەوڵەتی ئامادە دەكەن، كە 24ی ئەم مانگە لە شاری دەمامی سعودیە بەڕێوەدەچێت.
هاوكات ئەمڕۆ سەرۆكی شاند و تیمێك لە راهێنەران و ستافەكە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزشیان كرد و لەگەڵ سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش كۆبوونەوە.
بە پێی زانیارییەكانی 964 كە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش دەستیكەوتووە، هەرێمی كوردستان و وەرزشی شاری كرماشان پرۆتۆكۆلێكی وەرزشی بەم زووانە واژۆ دەكەن.