لە هەولێر

کەسێک بەهۆى شەڕەوە دوکانێکى سوتاند

964+

وریا فەتاح

بەرگرى شارستانى هەولێر بڵاوى کردەوە، کەسێک بەهۆى شەڕکردنەوە دوکانى لایەنى بەرامبەرى سووتاندووە، بەڵام تیمەکانیان زوو گەیشتوون دەنا ئاگرەکە دوکانى دیکەشى دەسوتاند.

بەرگرى شارستانى هەولێر بڵاوى کردەوە، دواى ئاگادارکردنەوەکە یەکسەر تیمەکانیان دەرچوون، کۆنتڕۆڵى ئاگرەکەیان کردووە و رێگریان کردووە لە تەشەنەکردنى.

لاى خۆیەوە شاخەوان سەعید، وتەبێژى بەرگرى شارستانى هەولێر بە 964، هۆکارەکەى ئەوەبووە کەسەکە شەڕى لەگەڵ خاوەن دوکانەکە هەبووە و دواتر چووە ئاگرى لە دوکانەکە بەرداوە.

“رووکارى دوکانەکە سووتاوە، بەڵام تیمەکانمان زوو کوژاندیانەوە و رێگریان لە تەشەنەکردنى کرد، دەنا دوکانى دیکە و باڵەخانەکەشى دەسووتاند”، شاخەوان سەعید واى وت.

ئەو شوێنەى ئاگرەکەى لێکەوتووەتەوە دەکەوێتە شەقامى پەروەردە، لاى پاڕاوگەکان.

روونیشى کردەوە، نازانین تۆمەتبار دەستگیرکراوە یان نا، ئەوە لاى پۆلیس و ئاسایشە.