بە بڕی جیاواز
بۆچی لە کاتی مووچە وەرگرتن پێشمەرگە پارەیان لێ بڕاوە؟
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5.9.2024، موچەی مانگی حەوتی پێشمەرگەی لیوا ھاوبەشەکان دابەشکرا، ھەر پێشمەرگەیەک بە بڕی جیاواز و سێ هەزار دینار تا 12 هەزار دینار لە موچەکەی بڕاوە.
بەڕێوەبەری بانکی شێروانە، زانیاری ئەوەیان پێ نەدرابوو هۆکار چییە، بەڵام 964 زانیارییەکانی لە وەزارەتی پێشمەرگە پشتڕاست کردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، “لەگەڵ یاسای خانەنشینی عێراق و هاوتاکردنی، لێبڕینەکە بە گوێرەی پلەی پێشمەرگە و ئەفسەران چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
رێبوار رەحیم، بەڕێوەبەری بانکی شێروانە لە کەلار بە 964ى وت،”ئەمڕۆ لە گەرمیان مووچەی پێشمەرگەی لیوا ھاوبەشەکانمان دابەشکرد، ھەر پێشمەرگەیەک نزیکەی 10 ھەزار دینار لە مووچەکەی کەمی کردبوو، ھیچ مانگێک بەو شێوەیە نەبووە، پێشتر مووچەکانیان بە تەواوەتی پێدەدرا، بەڵام بۆ مووچەی مانگی حەوت پارەیان لێ بڕاوە”.
روون بوویەوە، کە وەزارەتی پێشمەرگە بەو شێوەیە لیستی بۆ بانکەکان ناردووە، لە وەزارەتی پێشمەرگەوە 964 بەدواداچوونی بۆ لێبڕینی مووچەکی پێشمەرگە کرد، ئەوان ئاماژەیان بەوەکرد، “لە سێ هەزار دینار و تا 12 هەزار دینار و زیاتر، لە هەر پێشمەرگە و ئەفسەرێکی ناو وەزارەت و پێشمەرگە بڕاوە”.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتەکەوە بە 964 دران، هۆکاری لێ بڕینەکە پەیوەست بوونی وەزارەتەکەیە بە یاسای خانەنشینی عێراق و پاشەکەوتکردنی بەشێک لە مووچە، کە لە ساڵی 2014دا یاسایی یەکگرتووی خانەنشینی لە عێراق پەسەندکرا، بەڵام مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کورستان تاوەکو دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی ئەمساڵیش بە یاسای ساڵی 2006 و چەند یاسایەکی دیکەی خانەنشینی دابەش دەکران.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا