بە درێژایی 10 کیلۆمەتر

رێگای شەش گوندی پێنجوێن نۆژەنکرایەوە

+964

کامیار کەمال – پێنجوێن

بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی پێنجوێن رێگای شەش گوندییان نۆژەنکردووەتەوە، بە درێژایی زیاتر لە 10 کیلۆمەتر.

ئەمیر سۆفی جەمال بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، لە مانگی رابردوودا رێگای شەش گوندیان نۆژەنکردووەتەوە بە پڕکردنەوەی چاڵ و چۆڵییەکان و فراوانکردنی و تێکەڵەڕێژکردنی.

وتیشی، بە کۆی گشتی درێژی رێگاکان زیاتر لە 10 کیلۆمەترن و کارەکانیان تەواو کردووە و لە سبەینێوە دەست دەکەن بە چاککردنی رێگای گوندی بەهێ و بەپێی پێویستی رێگاکە کاری بۆ دەکرێت.

ئەوەشی خستەروو، لە بەشێک لە رێگاکان دانیشتوووانی گوندەکان هاوکارییان کردوون و بەدەمیانەوە بوون لە کاتی کارکردنیان.

ئەو گوندانەی رێگاکانیان نۆژەنکراوەتەوە پێکاهاتوون لە:

گوندەکانی ئەحمەد ئاوا، دێزە و گلاراوا بەدێژایی شەش کیلۆمەتر.

هەردوو گوندی برالە و تازەدێ بە درێژایی زیاتر لە سێ کیلۆمەتر.

گوندی قوسامەدینە بەدرێژایی دوو کیلۆمەتر.

بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی پێنجوێن لە رۆژی 21.4.2024 بەفەرمی لەلایەن وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە و لە رۆژی 13.8.2024پلەی فەرمانگەکە بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرزکرایەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی