لە دژی دواکەوتنی موچە
مامۆستایانی ناڕازی لە خورماڵ گردبوونەوە
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
ئێوارە ئەمڕۆ یەکشەممە 1.9.2024، دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە ھەرێمی کوردستان لە خورماڵ، پەیامێکیان ئاراستەی حکومەت کرد، ھەڕەشەی بایکۆت و خەباتی مەدەنی دەکەن لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیاندا.
نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان پێکەوە ئەوەیان خستەڕوو، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکانیان، ھەموو ئەگەرێک لە بەردەمیاندا کراوەیە، ھەر لە بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندنەوە تا خۆپیشاندانی سەرتاسەری و بردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایی بۆ بەغدادی پایتەختی عێراق، تەنانەت مانگرتن لە خواردن و خواردنەوەش یەکێک دەبێت لە ئەگەرەکانی ئەو خەباتە مەدەنییەی کە مامۆستایان باسی دەکەن.
داواکاری مامۆستایان، خۆی دەبینێتەوە لە دابەشکردنی موچە لە کاتی خۆیدا، پلە بەرزکردنەوە و پابەندبوونی حکومەت بە تەوتینی موچەوە.
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان بە 964ـی راگەیاند: بە ھەموو شێوەیەک پشتیوانی داواکاریی مامۆستایان دەکەین، پێمان وایە دابەشنەکردنی موچە لە ئەستۆی حکومەتی ھەرێمدایە و دەبێت دابەش بکرێت، ئێمەش لای خۆمانەوە فشار دەکەین بۆ کردنی تەوتینی مامۆستایان و ھیوادارین تا چەند ھەفتەی داھاتوو کێشەکان چارەسەر بکرێن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر