نەوتی بێبەرامبەر لە سەنتەری سلێمانی دابەش دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
30 تانکەر نەوتی سپی ماڵان بێبەرامبەر لە سەنتەری شاری سلێمانی دابەش دەکرێت، هەفتەی داهاتوو بڕیار لەوە دەدرێت نەوتەکە بدرێت بە کێ و کام خێزانانە وەریدەگرن.
ئەو بڕە لە چوارچێوەی ئەو 60 تانکەر نەوتەدایە، کە حکومەتی عێراق بڕیاری داوە بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت و وەزارەتی سامەن سروشتییەکانی هەرێمیش رایگەیاند بێبەرامبەر دابەش دەکرێت.
کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی وزە و سوتەمەنی لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی 964ـی وت: ئەو نەوتە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وتوویەتی بێبەرامبەرە، بەڵام دەبێت بزانین مەبەست لەوە چییە و ئایا هیچ بڕەپارەیەک لەو خێزانەن وەرناگیرێت کە نەوتەکەیان پێ دەدرێت.
دەشڵێت: هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک دەکرێت هەم لەوە دڵنیا دەبین، هەم شێوازی دابەشکردنەکەی دیاری دەکەین چونکە بەشی هەموو خێزانەکان ناکات و دەبێت دیاری بکرێت بە کێ دەدرێت.
پارێزگای سلێمانی پێویستی بە 105 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە، ئەگەر هەموو خێزانێک 200 لیتر نەوتی پێ بدرێت، بەڵام ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، بەو نەوتەی ئێستاوە ئەوەی لە سلێمانی دابەش کراوە ناگاتە 15 ملیۆن لیتر.