بە GPS کێشەکەیان بۆ چارەسەر بوو
چیتر کەسووکارى توشبوانى ئۆتیزم و داون خەمى ونبوونى منداڵەکانیان نابێ
964+
ئارام ئەبو زێد _ هەولێر
لە رێگەى دابینکردنى ئامێرێکى تایبەتەوە، چیتر کەسوکارى توشبووانى ئۆتیزم و داون خەمى ونبوونى منداڵەکانیان نابێت و لەو رێگەیەوە تا دوورى 20 کیلۆمەتر دەتوانن بیدۆزنەوە ئەگەر ونبوو.
شاخەوان دوکانی سەرۆکی رێکخراوی چەپک بە 964ـى وت،”ئێمە وەک رێکخراوەکەمان بۆ یەکەمین جار داهێنانێکمان هێناوەتە کوردستان کە بریتییە لە دەستبەند و ملوانکە و مەدالیان و کاتژمێر کە ئامێرى (جى پى ئێس)ـی تێدایە لە حاڵەتی ونبوونی منداڵان و گەنجانی هەڵگری نەخۆشی ئۆتیزم و داون و بیرکۆڵ، بە ئاسانى دەدۆزرێنەوە.
“هەر کەسێک دەیەوێت سودمەند بێت دەبێت ناوى لە چاودێرى کۆمەڵایەتییەکان تۆمارکرابێت و پشتگیرى بکرێت بۆ ئەوەى بەبێ بەرامبەر رێکخراوەکە ئەو کەلوپەلانەیان پێبدات”، شاخەوان دوکانى واى وت.
روونیشى کردەوە، بەم داهێنانە چیتر نابێت خەم لە ونبوونى ئەو توشبوانە بخورێت، چونکە ئەو ملوانکە و کاتژمێر و دەستبەندە جى پى ئێسى تێدایەوە و لە رێگەى ئەپێکى تایبەت لە مۆبایلى کەسوکاریانەوە چاودێرى دەکرێن و لە هەر کوێبن دەدۆزرێنەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح