تەیمووری ئەنفال: ماڵە عەرەبەکە پێیان وتم

چوار رۆژە لە سەماوە کار بۆ هەڵدانەوەی دوو گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵ دەکرێ

964+
ئەحمەد مستەفا

چەکوش و حەفارە بە دەست تیمەکانەوە دیارە، لە بیابانەکانی سەماوە چوار رۆژە دەستکراوە بە پشکنین بۆ هەڵدانەوەی دوو گۆڕی دیکەی بە کۆمەڵ، ئەو هەنگاوە تاقانەیەکی رزگاربووی ناو ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی نیگەران کردووە و دەڵێت، “ئەو ماڵە عەرەبەی رزگاریان کردووە، پێیان وتووە هاتوون بۆ هەڵدانەوەی گۆڕی کەسوکارت”.

بیابانی زەبی، لە ناوچەی تەل ئەلشێخییە بە دووری 84 کیلۆمەتر، دەکەوێتە خوارووی شاری سەماوە لە عێراق، ئەو ناوچەیە سێ گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوانی تێدایە کە زۆرینەیان خەڵکی گەرمیانن، رۆژی 8.3.2019 پشکنین و هەڵدانەوە بۆ گۆڕی بە کۆمەڵی یەکەم کۆتایی پێ هێنرا، وە رووفاتی 171 ئەنفالکراو کە زۆرینەی خەڵکی جەلەمۆرد بوون، هێنرانەوە بۆ مۆنۆمێنتی ئەنفال.

زانیارییە بەردەستەکان ئەوە دەردەخەن، دەزگای شەهیدانی عێراقی و تیمی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە دەزگاکە بە هەماهەنگی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی پێنجشەممەوە 29.8.2024، دەستیان کردووە بە پشکنین و کارکردن بۆ هەڵدانەوەی دوو گۆڕە بە کۆمەڵەکەی دیکە.

تەیمووری ئەنفال، تاقانە رزگاربوویەکی ناو ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەیە، ئەو کاتێک لەگەڵ خێزان و کەسوکاری بردراون بۆ زیندە بەچاڵکردن، رزگاری بووە و ماڵێکی عەرەبی دانیشتووی ناوچەکە بردوویانەتە لای خۆیان چیرۆکی تەیمور جیاوازە و ئەرشیف کراوە، ئەو ئەمڕۆ یەکشەممە 1.9.2024 بە 964ی وت، “ئێستا کە چوون بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان ئێمەیان ئاگادار نەکردووە، ئەو ماڵە عەرەبەی بەخێویان کردووم تا گەورە بوون، پێیان وتم کە تیمەکان بۆ هەڵدانەوەی گۆرەکان هاتوون”.

ئەو تاقانە رزگاربووە پێی وایە، ناکرێ بەبێ ئاگادای کەسوکاری ئەنفالکراوان، کار بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بکرێ، وتی، “بە هیچ یەک لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان نەوتراوە، ئەوە پێشێلکارییە بەرامبەر بە پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، لە کاتێکدا ئەو ناوچەیە بیابانە، بەڵام بە حەفارەوە چوونەتە سەر گۆڕەکان”.

زانیاری نییە تائێستا چەند رووفات لەناو هەردوو گۆڕە بە کۆمەڵەکەدا هەبن هەر بۆیە پشکنین دەکرێ تا بگەن بە تەواوی رووفاتەکان، تەیموور کە لەو کاتەدا چاوی کراوەتەوە و دیمەنەکانی بینیوە شایەتحاڵی زیندە بەچاڵ کردنەکەیە ئەو وتی، “کەسوکاری من دابەشبوون بەسەر هەرسێ گۆڕەکەدا، ئەوەی ئێستا بە نیازن کاری هەڵدانەوەی بۆ بکەن، پورێکم و 10 منداڵ و خوشکێکی گەورەمی تێدایە”.

بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان وەزارەتی شەهیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی لەگەڵ، دەزگای شەهیدانی عێراق هەیە عادل مەلاساڵح، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان پشتراستی پڕۆسەکەی کردووە وتی، “بەشی گۆڕە بە کۆمەڵەکان سەرقاڵی پڕۆسەکەن”.

ئەو زیاتر بە 964ی وت، “دەبێت پشکنین بکرێ و بزانین گۆڕەکان سەر بە چی ناوچەیەکن و کەسوکاریان کێن، ئەوکات داوای ئەوەی بکەین بێن و سەردانمان بکەن، تا ئەو یەکلانەبێتەوە خەڵکی گەرمیانن، چەمچەماڵن یان دهۆک و هەر ناوچەیەک کەسوکاریان بانگ ناکرێن”.

دیمەنەکان کاتی پشکنین و هەڵدانەوەی گۆڕەکان دەردەخەن؛