ئەنجومەنى گوندەکە: دڵم بۆ ئەو دارانە ژان دەکات

ئاگرەکەى چیاى ئاوگرد زیاتر تەشەنەى کردووە

964+

وریا فەتاح

لە عەسرەوە ئاگرێکى گەورە لە چیاى ئاوەگرد لە سنوورى سماقوڵى گرتک کەوتووەتەوە و لە ئێستادا زیاتر تەشەنەى کردووە، وەک ئەنجومەنى گوندەکە باسى دەکات، ئەوەندە دارى بەڕوو سووتاوە لە ژماردن نایەت.

هەر ئێوارەى ئەمڕۆ هێمن حاجى مستەفا، موختارى گوندى سماقوڵى گرتکە لە رێگەى واتساپى 964ـەوە ئاگادارى کردینەوە کە ئاگرێکى گەورە لە بنارى چیاى ئاوەگرد کەوتووەتەوە و دواتر سەرکەوتووە بۆ سەرەوە و لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە.

بە وتەى هێمن حاجى مستەفا، ئێستا ئاگرەکە زیاتر تەشەنەى کردووە و پانایى شاخەکەى گرتووەتەوە.

“لە ژماردن نایەت ئەوەندە دارى تەمەن 70 ساڵ و 80 ساڵى بەڕوو دەسووتێن و دڵم بۆیان ژان دەکات ئەو هەموو باڵندە و زیندەوەرە لە بەردەم سووتاندان ئەوە کارەساتە”، ئەنجومەنى گوندى سماقوڵى گرتک واى وت.

وەک باسى دەکات، ئۆتۆمبێلێکى بەرگرى شارستانى لەوێیە، بەڵام ئاگرەکە بە ئۆتۆمبێل ناکوژێتەوە، دانیشتوانى گوندەکەش هەر خەریکن ئەوەشى لە شار دادەنیشیت گەڕاوەتەوە بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکە.

ئێوارە هەر کە ئاگرەکە کەوتووەتەوە سەدان کەس لە پیاوان و گەنجانى گوندەکە قۆڵیان لێى هەڵکردووە و ئاگرى دامێنى چیاکەیان کۆنتڕۆڵکردووە، بەڵام وەک هێمن حاجى سلێمانى دەیخاتەڕوو، “ئاگرەکە ئەوەندە گەورە بووە لە تواناى کەسدا نەماوە و دەبێت بە کۆپتەر بکوژێنرێتەوە، چونکە چیاکە سەختە و بەشێکى مینڕێژکراوە”.

چیاى ئاوەگرد دەکەوێتە دۆڵى سماقوڵى و ئەو شوێنەشى ئاگرەکەى لێ کەوتووەتەوە دەکەوێتە سنوورى گوندى سماقوڵى گرتک لە قەزاى کۆیە.

ئاگرێکى گەورە لە چیاى ئاوەگرد کەوتووەتەوە

ئاگرێکى گەورە لە چیاى ئاوەگرد کەوتووەتەوە