ئەوانەى بەشدارى پڕۆسەى سەرژمێرى دەکەن

پەروەردەى پێنجوێن مامۆستایان ئاگادار دەکاتەوە

964+

وریا فەتاح

پەروەردەى پێنجوێن ئەو مامۆستایانە ئاگادار دەکاتەوە کە ناوى خۆیان بۆ پڕۆسەى سەرژمێرى گشتیى نوسیووە، لە سبەینێوە خولى 10 رۆژى دەبینن.

بەپێى ئاگادارییەکە بێت، دەبێت سەرجەم ئەو مامۆستایانە سبەینێ 1.9.2024، کاتژمێر 8:30 خولەک لەو هۆڵانە ئامادەبن کە بۆیان دیاریکراوە ئەوەش بە مەبەستى بینینى خولى 10 رۆژى.

ئەوەش روونکراوەتەوە کە مامۆستایانى ناو پێنجوێن و دەوروبەری و ناحیەی گەرمک و گوندەکانی لە هۆڵی پەیمانگای تەکنیکی پێنجوێن ئامادەبن، هەروەها ماموستایانی ناحیەی ناڵپارێز گوندەکانی ناڵپارێز و دەوروبەری لە هۆڵی دواناوەندی ناڵپارێزی تێکەڵاو ئامادەبن.

پێشتر و لە رۆژى 10.8.2024، پەروەردەى پێنجوێن بڵاوى کردبووەوە پێویستە ئەو وانەبێژانەى بەشدارى پڕۆسەى سەرژمێرى دەکەن لەم خاڵانە ئاگاداربن:

یەکەم: ئەوەی ناوی تۆمارکرد بەهیچ شێوەیەک کشانەوەی نییە و پاشگەز نابێتەوە.

دووەم: رۆژی 16.8.2024، بەشداری لە خولی سەرژمێری دەکات بۆ ماوەی 10 رۆژ لە ناو پێنجوێن و ناڵپارێز بۆ سنووری ناڵپارێز.

سێیەم: لە رۆژی 1.9.2024، راستەوخۆ دەستدەکات بە ئیش و کاری سەرژمێری بۆ ماوەی دوو مانگ.

چوارەم: پێویستە بە هیچ شێوەیەک کاریگەری نەبێت لە سەر بەشەوانەکانت و پاپەند بێت بە دەوامی فەرمی قوتابخانە و خوێندنگە و باخچەکان.

پێنجەم: بەکارهێنەرانی ئی پەروەردە دەرفەتى زیاترە بۆ وەرگرتن.

شەشەم: پێویستە شارەزای تەواوت لە بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و تابلێت و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان هەبێت IT.

حەوتەم: هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریوس چانسیان زیاترە.

ئەو مامۆستایانەى بەشدارى پڕۆسەکە دەکەن بەم شێوەیە دیاریکراوە:

یەکەم: ناو قەزاى پێنجوێن 20 مامۆستا.

دووەم: گوندەکانى سنوورى پێنجوێن 31 مامۆستا.

سێیەم: ناو ناحیەى گەرمک دوو مامۆستا.

چوارەم: گوندەکانى سنوورى ناحیەى گەرمک 70 مامۆستا.

پێنجەم: ناو ناحیەى ناڵپارێز دوو مامۆستا

شەشەم: گوندەکانى ناحیەى ناڵپارێز 36 مامۆستا