بۆ زیاتر لە نیوە
نرخی تەماتە هەرزان بوو
دیلان محەمەد جەزا
دوای ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردوودا نرخی کیلۆیەک تەماتە لە عەلوەی سلێمانی بەرزبووەوە بۆ هەزار و 200 دینار، ئەمرۆ نرخی هەر کیلۆیەکی دابەزیوە بۆ 500 دینار.
سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە 964ـی وت، ئەمڕۆ هەر کیلۆیەک تەماتەی پێنجوێن دابەزیوە بۆ 500 دینار و بەراورد بە دوو هەفتەی رابردوو نیوە زیاتری نرخەکەی لەدەستداوە.
باسی لەوەش کرد، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە بەهۆی قەدەغەی هاوردەکردنی تەماتە بوو لە مەرزەکانەوە لە عێراق، دوای هەڵگرتنی قەدەغەکە، ئەمڕۆ نرخی تەماتە دابەزیوە.
وتیشی، ئێستا بەرهەمی پێنجوێن پێگەیشتوە و زۆرە لە بازاڕدا، بەرهەمەکە پێویستی بازاڕ بە زیادەوە پڕدەکاتەوە.
کەمال عەبدوڵا، سەوزەفرۆش بە 964ـی وت، ئەمڕۆ لە عەلوە کیلۆیەک تەماتەی بە 500 دینار کریوە و بە 750 دینار بە هاوڵاتیانی دەفرۆشێت.
کاروان مەجید سەوزەفرۆشێکی دیکەیە باسی لەوە کرد، لە دوو هەفتەی رابردوودا بەهۆی گرانی نرخی تەماتەوە خەڵک کەم تەماتەیان دەکڕی، ئەمڕۆ هەرزان بووە و خەڵکی زیاتر دەیکرێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش