عێراق دەبێتە ئەندامی دادگای نێودەوڵەتی تاوان
+964
فەرمان سادق
پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەسەر پەیوەندیکردنی عێراق بە چوار پەیماننامەی نێودەوڵەتی دەکات، یەکێک لەوان دادگای لاهایە کە بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ناسراوە.
سبەی شەممە 27ـی کانونی دووەم، پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک دەکات، لەوانە پەیوەندی کردنی عێراق بە پەیماننامە لاهای بۆ یاسای نێودەوڵەتی تاوانەکانی جەنگ.
پڕۆژە یاسایەکە لەلایەن وەزارەتی دەرەوە ئاراستەی پەرلەمان کراوە، لە دانیشتنی سبەی پەرلەماندا خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت.
پەیماننامەی نێودەوڵەتی لاهای بۆ یەکەمجار لە کۆنگری لاهای دەرچوو لە ساڵی 1899، دواتر لە کۆنگرەی دووەمی لاهای لە ساڵی 1907 بەستر، ئەگەرچی بڕیار بوو ساڵی 1914 کۆنگرەی سێیەم ببەسترێت بەڵام بەهۆی جەنگی یەکەمی جیهانی ئەنجام نەدرا.
دواتر لە ساڵی 1954 تاوەکو 2005، وڵاتانی دونیا 36 رێککەوتنامەیان بەناوی یاسای لاهای نێودوەڵەتی ئەنجامداوە، کە کۆی هەموو ئەو پەیماننامانە خۆی لە چوارچێوەی پەیماننامەی ئاشتی نێودەوڵەتی دەبینێتەوە و وڵاتان لەسەر شەڕ و پێکدادان پەنا دەبەنەبەر دادگای لاهای.
جگە لەمە، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی سبەی شەممەدا لە بڕگەی یەکەمدا گفتوگۆ لەسەر پەیماننامەی نێودەوڵەتی دەکات لەبارەی پێکهێنانی سندوقی نێودەوڵەتی بۆ قەرەبوو کردنەوەی زیانەکانی پیسبوونی ژنگە بەهۆی زەیتەوە کە ساڵی 1992 لەسەر ئاستی دونیا پەسند کراوە.
لە خاڵێکی دیکەی دانیشتنەکەی پەرلەماندا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پەسندکردنی پڕۆژە یاسای رێککەوتنی لێخۆشبوونی لە باجی دوولایەنە دەکات لەنێوان عێراق و وڵاتی هۆڵەندا.
لە بڕگەی شەشەمی دانیشتنەکەی پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر راپۆرتێکی لیژنەی کشتوکاڵ دەکرێت لەبارەی ئەو پەینەی کۆمپانیای پەینی باشوور بەرهەمی دەهێنێت کە بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی ژینگە، دەگوترێت تیشکی کیمیاوی لێدەردەچێت کە جۆرە تیشکێکە نەخۆشی شێرپەنجە دروستدەکات.