"لەم بەڵایە رزگارمان بکەن"

بەراز زەویە کشتوکاڵییەکانی گوندەکانی ئامێدی وێران کردووە

+964
هیڤی دێوالی-دهۆک

بەهۆی زیادبوونی بەراز لە چەند گوندێکی سەر بە قەزای ئامێدی، زەویە کشتوکاڵییەکان وێران بوون و زیانی زۆری بە دانیشتووانی ئەو گوندانە گەیاندووە.

ساڵانە لە وەرزی هاویندا و لە کاتی بەرهەمهێنانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، بەراز دەچێتە ناو زەویەکانەوە و هەموو شتێک لەنێو دەبات و دەست لە هیچ شتێک ناپارێزێت.

عیسا بەرگارەی موختاری گوندی پیرۆزانا لە سنووری قەزای ئامێدی بە 964ـی وت، “هەموو ساڵێک بەراز دێتە ناو زەویەکانمان، بەڵام ئەمساڵ رێژەییان زۆر بووە و بە شەوانیش چاودێری زەویەکان دەکەین”.
داوایشی لە لایەنی پەیوەندیدار کرد، رێگەچارەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە و لەو بەڵایە رزگاریان بکات.

“لە هەفتەیەکدا بەراز دوو جار چووەتە نێو زەویەکەمان و زیاتر لە یەک ملیۆن دینار زیانی پێگەیاندووین”، عیسا بەرگارەی وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە بەراز، ئەمساڵ بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە
زۆربەی زەویە کشتوکاڵییەکانی سنووری ئامێدی سووتاون و زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

هاوکات، کیڤی هەڤەندکی هاوڵاتییەکی گوندێ هەڤەندکا بە 964ـی وت، “ئەمساڵ ناچاربووین پەرژین و سیاج بە دەوری زەویەکانماندا دروست بکەین بۆ ئەوەی خۆمان لە بەڵای بەراز بپارێزین، بەو حاڵەش زیانێکی زۆر بە جوتیارانی گوندەکەمان گەیشتووە”.

گوندی پیرۆزانا و هەڤەندکا ئاوەدانن و بژێوەی ژیانیان لەسەر کشتوکاڵییە و دەکەونە دەڤەری بەرێ گارە لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

بەراز رەزوباخی جوتیارانی نەهێشتووە

بەراز رەزوباخی جوتیارانی نەهێشتووە