بە ڤیدیۆ.. دەنگی تایەر تۆفیقەکەی عەنکاوەت بیستووە؟

964+

توانا نەقی

لەگەڵ ئەوەی زۆرن ئەوانەی عاشقی دەنگی تایەر تۆفیقن و لاسایی دەکەنەوە، بەڵام کەمن ئەوانەی بتوانن بەهەمان تۆن و نەبەرەی ئەو گۆرانییەکانی بڵێنەوە، وەستا جەوهەرەکەی عەنکاوە یەکێکە لەوانە.

وەستا جەوهەر ئەنتوان، مەسیحییەو لە عەنکاوە دادەنیشێت، بە شێوازێکی سەرنجراکێش و بە کوردییەکی پاراو مەقام و گۆرانییەکانی هونەرمەند تایەر تۆفیق دەڵێتەوە، خۆ ئەگەر تەنیا گوێت لە دەنگەکەی بێت و ئەو نەبینی، باوەڕ ناکەی ئەوە تایەر تۆفیق نەبێت.

جەوهەر ئەنتوان، هاوڵاتییەکی مەسیحی دانیشتووی قەزای عەنکاوەی هەولێرە و تەمەنی 63 ساڵە، زیاتر لە 30 ساڵە وەستای بلۆک و بیناسازییە.

جەوهەر، زۆرکات لەگەڵ خانەوادە و کەسە نزیکەکانی و تەنانەت بۆ کرێکارەکانیشی لەسەر کار گۆرانی دەڵێت و بە دەنگی و لاسایی کردنەوەی هونەرمەند تایەر تۆفیق دڵیان خۆشدەکات.

هێندە جوان مەقامە حیجازەکەی تایەر تۆفیق دەڵێتەوە دەتگەڕێنێتەوەو بۆ کۆیە و قشڵەی کۆیەت دێنێتەوە پێش چاو.