جگە لە بریندار بوونی چوار کەس رێگایەکی سەرەکیش داخرا
لەماوەی دوو کاتژمێردا دوو رووداوی هاتوچۆ لە سۆران روویاندا
+964
ژێوار خدر
لە ماوەی دوو کاتژمێردا دوو رووداوی هاتوچۆی جیاواز لە ئیدارەی سۆران روویاندا، بەهۆیەوە چوار کەس بریندار بوون و رێگەیەکی سەرەکی ئیدارەکەش داخرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هاتوچۆی سۆران زانیاری لەسەر هەردوو رووداوەکە بڵاو کردووەتەوە، یەکەمیان، رووداوێکی ھاتووچۆیە لە جۆری پێکدادان لەسەر رێگای خەلیفان – سپیلک روویداوە، لە نێوان دوو ئۆتۆمبیلی جۆری کیا سپۆرتاج و ترێلەیەکی ئێرانی، لەئەنجامی رووداوەکە سێ کەس برینداربوون و رێگاکەش داخراوە.
رووداوی دووەم کاتژمێرێک دوای ئەوە روویدا، ئەم جارەیان لە جۆری وەرگەڕان، ئۆتۆمبێلێکی تەکسی کرۆلا لەسەر رێگای پیشەسازی کۆن بۆ گەڕەکی ئازادی وەرگەڕا و لە ئەنجامی رووداوەکەش کەسێک بەسەختی برینداربوو.
ئەمە وایکرد هاتوچۆی سۆران دووجار داوا لە هاوڵاتییان بکات خێراییان کەم بکەنەوە و پەلە نەکەن لەپیناو سەلامەتییان، دوای ئەوەش پۆلیسی خەلیفان هاوکاری پۆلیسی هاتوچۆی قەزاکەیان کرد بۆ کردنەوەی ڕێگاکە و ئاسایی بوونەوەی شەقامەکە.