دوکانداران ترسیان نەماوە
بازاڕە شپرزەکەی سلێمانی رێکخرایەوە
+964
دیلان محەمەد – سلێمانی
بازاڕی دارەسوتاوەکە یەکێکە لە بازاڕە کۆن و شپرزەکانی سلێمانی، ئێستا سەرجەم دوکانەکانی رێکخراونەتەوە و کەپریان بۆ دروستکراوە ئیتر لە کاتی باران باریندا پیادەکانی تەڕ نابن.
گۆران قادر سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە 964ـی وت، هەڵمەتی سەلامەتی لە بازاڕی سلێمانی ماوەیەکە دەستی پێکردوە و لەو نێوەندەدا بازاڕی دارەسوتاوەکە دوکانەکانی رێکخراونەتەوە و چاککراون، ئەو قەرەباڵغیەی لە پێشتردا هەبوو ئێستا نەماوە.
باسی لەوەشکرد، ماوەیەکە بەردەوام چاودێری رێکخستنەوەی ئەو بازاڕەیان کردووە و سەرجەم زیادەڕۆکانیان لابردوە، ئەو پێچ و لاریانەی دروست ببوون هەمووی چاککراون.
ئەوەی خستەڕوو، دوکاندارەکان پابەند کراون بە رێکخستنی بەردەم دوکانەکانیان و لە شەواندا دوکانەکانیان دەبێت دابخەن، سەرجەم سیستمی کارەباکەشی رێکدەخرێتەوە.
کامەران ئەحمەد دوکاندارە ئەویش قسەی بۆ 964 کرد و وتی، بڕیاری رێکخستنەوەی ئەو بازاڕە زۆر باش بوو، هەرچەندە لەسەر ئەرکی خۆیان کراوە، بەڵام کاتێک ئێوارە دوکان دادەخەن ترسیان لە سوتانی نیە.
پێداچوونەوە: میدیا گۆران