ژەمی نیوەڕۆیان خواردن بەردەستە
خواردنگەیەکی خێرخوازی لە رانیە کرایەوە
+964
ژێوار خدر
ئەگەر رێبواری یان کەمدەرامەت، نیوەڕۆیان بڕۆ ناو بازاڕ و لە مزگەوتی گەورەی رانیە ژەمێک خواردنی شاهانەت بۆ ئامادە کراوە بێ بەرامبەر بیخۆ و خەمی هیچت نەبێ.
لە شاری رانیە، ئەمڕۆ چوارشەممە، هاوڵاتییەک بەناوی سەرباز بەرزنجی خواردنگەیەکی خێرخوازی کردووەتەوە و رۆژانە بێ بەرامبەر خواردن دابەش دەکات بەسەر هاوڵاتییاندا بێ جیاوازی.
نەجمەدین بەرزنجی، ئامۆزای ئەو کەسەیە کە خواردنگەکەی کردووەتەوە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ئەو خواردنگەیە بۆ هەموو کەسێکە بێ جیاوازی و هەرکەسێکیش حەزی کرد دەتوانێ لەگەڵ ئێمە بەشدار بێت بۆ دابین کردنی خواردن.
وتیشی، خواردنگەکە دەتوانێت خواردنی زیاتر لە 200 کەس دابین بکات، ئێستا تەنیا ژەمی نیوەڕۆیان خواردن بەردەستە ، بەڵام لە مانگی رەمەزاندا هەر سێ ژەمەکە خواردن بەردەست دەبێت و ئەگەر خەڵکی دیکەش هاوکاریمان بکەن و بەشداربن لەگەڵمان لە پڕۆژەکە دەتوانین ژەمەکان زیاد بکەین.
لە خواردنگەکەدا هەموو جۆرە خواردنێک ئامادە دەکرێت و رۆژانە خشتەیەک ئامادە کراوە، بەپێی خشتەکە جۆری خواردنەکە بۆ هەر رۆژێک دەگۆڕێت و تەنانەت هەموو جۆرەکانی گۆشتیش پێشکەش دەکرێت.