خەڵک گلەییان کردووە

مۆلیدەکەی ناوبازاڕی هەڵەبجە 10 رۆژ مۆڵەتی پێ درا

964+
ئەحمەد مستەفا

ژینگەی هەڵەبجە ماوەی 10 رۆژی بۆ مۆلیدەی (تیجاری ناوبازاڕ)ی شارەکە دانا، تا لەوماوەیەدا مۆلیدەکەی بگۆڕێت، “بە پێچەوانەوە رووبەڕوی رێکاری یاسایی دەبێتەوە”.

خەڵک ئەم رۆژانە، بە ژینگەی هەڵەبجەیان وتووە، “ئەو مۆلیدەیە دوکەڵ دەکات، دەنگی بەرزە و ژینگەشی پیس کردووە”.

لە نوسراوێکی فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە کە وێنەیەکی دەست 964 کەوتووە، ژینگەی هەڵەبجە بە واژۆی بەڕێوەبەرەکەی سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، دەڵێت، “ئاگادارکردنەون لەلایەن ھاوڵاتییانەوە لەبوونی کێشەی (دووکەڵکردن، دەنگی بەرز، پیسکردنی ژینگە) لە یەکێک لە مۆلیده ئەهلییەکان”.

نوسراوەکە کە ئاڕاستەی مۆلیدەی (تیجاری ناوبازاڕ) کراوە، تێیدا نوسراوە، “لیژنەی مۆلیده ئەهلییەکانی فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە سەردانی مۆلیدەی ناوبراوی کرد، ئاگادارکرایەوە کە پێویستە لە ماوەی 10 رۆژدا مۆلیدەیەکی نوێ بهێنێ، بەپێچەوانەوە رێکاری ئیداری و یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.
ئەم رێکارانە هاوپیجی نوسراوەکە لە خاوەن مۆلیدەکە داواکراوە:

1ـ دابینکردنی مۆلیدەیەکی نوێ کە دووکەڵ و ژاوەژاوی نەبێت.
2ـ کۆنکرێتی زەوی ژێر مۆلیدەکە و پاکڕاگرتنی دەوروبەری مۆلیدەکە.
3ـ دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی بەدەوری مۆلیدەکە، بەمەبەستی رەچاوکردنی ژینگەی بینین و کەمکردنەوەی رێژەی ژاوەژاو.