خولی پله‌ دوو له‌ مانگی سێ ده‌ستپێده‌كات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان رایگه‌یاند، رۆژی ده‌ی ئادار خولی پله‌ دووی كوردستان ده‌ستپێده‌كات، هه‌روه‌ها چه‌ند بڕیار و راسپارده‌یه‌كی دیكه‌شی راگه‌یاند.

فیدراسیۆنه‌كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 26ـی كانوونی دووه‌م، له‌ باره‌گای خۆی له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌ی كرد و ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی فیدراسیۆنه‌كه‌ش بڕیار و راسپارده‌كانی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ بڕیاره‌كاندا هاتووه‌، رۆژی هەینی 10ـ3ـ2023 دەستپێکی وه‌رزی نوێی خولی پلە دووی کوردستان دەبێت.

هه‌روه‌ها تاقیکردنەوەی ناوبژیوانانی (پلە دوو، لاوان و تازەپێگەیشتووان) رۆژی شەممە 4ـ3ـ2023 ئەنجام دەدرێت .

فیدراسیۆنه‌كه‌ هه‌روه‌ها بڕیاریداوه‌ لە رێگه‌ی لیژنەی ئۆڵمپیی كوردستانه‌وه‌ نووسراوێک ئاراسته‌ی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش بكات، بە مەبەستی هاوکاریکردنی یانەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگه‌کانیان.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا داوای له‌و یانانه‌ كردووه‌، كه‌ ئاره‌زوی بەشداریكردنیان له‌ خولی فوتساڵی کچان هه‌یه‌، نووسراوی فەرمی بنێرن، كه‌ 31ـی ئه‌م مانگه‌ دواواده‌ی وه‌رگرتنی نووسراوه‌كانیان ده‌بێت.